بزووتنەوەی گۆڕان: دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە 

خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون، دەشڵێن: "داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە".

دەقى راگەیەنراوى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان:

ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان..
‎گۆڕانخوازان ..

‎ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون.

‎لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەکاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و، دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە.

‎بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە.

‎ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی دەکەین.

‎خانەی راپەراندن
١١ی١٠ی٢٠٢١

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©