کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە پشتبەستن بە 94%ی ئەو بنکانەی دەنگدان کە ئەنجامەکانیان وەرگیراون، گەیشتووەتە 41%.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 11-10-2021 لە راگەیێندراوێکدا رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردن لە ئاستی هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە تۆماری دەنگدەراندا ناویان تۆمارکرابوو، 22 ملیۆن و 116 هەزار و 368 کەس بوون؛ هاوکات بە پشتبەستن بە 94%ی ئەو بنکانەی دەنگدان کە ئەنجامەکانیان وەرگیراون، لە تێکڕای ئەو ژمارەیە 9 ملیۆن و 77 هەزار و 779 کەس لە هەڵبژاردن دەنگیان داوە".

سەبارەت بە سکاڵاکانیش، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، "16 سکاڵا لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و 58 سکاڵا لە پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا تۆمارکراون؛ ئەو سکاڵایانەشی کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان تۆمارکراون بریتین لە (دهۆک 7 سکاڵا)، (هەولێر 6 سکاڵا)، (سلێمانی 11 سکاڵا)، (سەلاحەدین 3 سکاڵا) و (دیالە 4 سکاڵا)، بەڵام هیچ سکاڵایەک لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا تۆمارنەکراوە".

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 8ی ئۆکتۆبەر و پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوون.

بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:

1- پارێزگای دهۆک (54%)
2- پارێزگای سەڵاحەدین (48%)
3- پارێزگای هەولێر (46%)
4- پارێزگای بابل (46%)
5- پارێزگای دیالە (46%)
6- پارێزگای کەرکووک (44%)
7- پارێزگای موسەننا (44%)
8- پارێزگای کەربەلا (44%)
9- پارێزگای واست (44%)
10- پارێزگای ئەنبار (43%)
11- پارێزگای میسان (43%)
12- پارێزگای نەینەوا (42%)
13- پارێزگای زیقار (42%)
14- پارێزگای قادسییە (42%)
15- پارێزگای نەجەف (41%)
16- پارێزگای بەسرە (40%)
17- پارێزگای سلێمانی (37%)
18- پارێزگای بەغدا- دیوی کەرخ (34%)
19- پارێزگای بەغدا- دیوی رەسافە (31%)

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©