هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە هەڵبژاردنی پێشوەختی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا 35 کورسییان مسۆگەر کردووە و پێشبینیی بردنەوەی کورسییەکی دیکەش دەکەن.

سعوود مەشهەدانی، ووتەبێژی هاوپەیمانیی تەقەدوم، کە یەکێکە لە دوو دیارترین لایەنی سیاسیی سوننە لە عێراق، رۆژی دووشەممە 11-10-2021  رایگەیاند، "بەپێی زانیاریی چاودێرانمان لە بنکەکانی دەنگدان، لە هەڵبژاردنی پێشوەختی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا 35 کورسیمان مسۆگەر کردووە و پێشبینیی بردنەوەی کورسییەکی دیکەش دەکەین، بەڵام ئەو ئەنجامانە بەرایین و دەبێت چاوەڕوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکەین بۆئەوەی بە فەرمی ئەنجام رابگەیێنێت".

هاوکات عەقیل ئەلردینی، سەرکردەی حیزبی نەسر لە عێراق رایگەیاند، "بەپێی زانیارییەکانمان کە چاودێرەکانمان لە ناوەندەکانی دەنگدان کۆیانکردوونەتەوە، هاوپەیمانیی (قیوا ئەلدەولە ئەلوەتەنییە) کە لە نەسر و رەوتی حیکمە و چەند لایەنێکی دیکە پێکهاتووە، 20 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەڵام دەبێت چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکان بین لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا نەسر لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەی نێو هاوپەیمانیی نەسر خاوەنی 42 کورسی بوو، رەوتی حیکمەش بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم خاوەنی 19 کورسیی پەرلەمان بوو؛ بۆیە ئەگەر هاوپەیمانییەکەی نەسر و حیکمە لەم هەڵبژاردنەدا 20 کورسی بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە پاشەکشەیەکی گەورە بۆ ئەو دوو لایەنە.

ئەبو میساق مساری، سەرکردەی هاوپەیمانیی فەتحیش رایگەیاند، "هاوپەیمانیی فەتح لەم هەڵبژاردنەدا 41 کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە و پێشبینیی بردنەوەی 43 کورسیش دەکەین، بەوەش هاوپەیمانیی فەتح دووەم گەورەترین براوەی ئەم هەڵبژاردنە دەبێت دوای رەوتی سەدر".

هەروەها ئیبراهیم جابری، بەڕێوەبەری نووسینگەی رێبەری رەوتی سەدر لە ناوچەی سەدری بەغدا  رایگەیاند، "رەوتی سەدر لەم هەڵبژاردنەدا 80 کورسی بەدەستدەهێنێت، تەنانەت پێشبینی زیاتریش دەکەین؛ بۆیە ئێمە بووینەتە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆن لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق".

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتیی لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە پشتبەستن بە 94%ی ئەو بنکانەی دەنگدان کە ئەنجامەکانیان وەرگیراون گەیشتووەتە 41%.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 8ی مانگی ئۆکتۆبەر و پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوون، بڕیاریشە ئەمڕۆ دووشەممە 11/10/2021 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی براوەکانی 329 کورسییەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رابگەیەنێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©