سێ زانای بواری فیزیا خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشرا كە هەرسێكیان كاریان بۆ تێگەیشتن لە سیستەمە فیزیاییە ئاڵۆزەکان و پێوانەکردن و پێشبینیکردنی کەشوهەوا كردووە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ستۆکهۆڵم، سکرتێری گشتی ئەکادیمیاکە دەستەی سوێندخۆرانی نۆبڵ دوێنێ سێشەممە خەڵاتی فیزیایان بەخشیە “سیکۆرۆ مەنابی، کلاوس هاسڵمان و جیۆرجیۆ پاریسی” بەهۆی ئەوەی “نمونەی فیزیکی کەشوهەوای زەویی و پێوانەسازی گۆڕان و پێشبینیکردنی گەرمبوونی کەشوهەوای جیهانیان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست كردووە.”

مانابی لە ژاپۆن لەدایک بووە و ئێستا سەرۆکی کەشناسی زانکۆی “پرینستۆن”ە توێژینەوەکانی لەسەر ئەوەبوو کە چۆن ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوای “ئەتمۆسفیر”ی دەوری زەویدا بەرزدەبێتەوە بۆ پلەکانی گەرمای زیاتر لەسەر ڕووی زەوی.

هاسڵمان، پرۆفیسۆری کەشناسیە لە هامبورگی ئەڵمانیا، مۆدێلێکی دروستکرد کە بارودۆخی کەشوهەوا و ساردیی و گەرمی کەشوهەوا پێکەوە دەبەستێتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە بۆچی دەکرێت پشتبە مۆدێلەکانی کەشوهەوا ببەسترێت سەرباری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دژوارییەکانی.

هەروەها جیۆرجیۆ پاریسی لە کەرەستە ئاڵۆزە سەرلێشێواوەکان شێوازێکی سادە و سوکی دۆزیوەتەوە، ئەمەش وایکردووە بتوانرێت بە تەواوەتی تێبگەیەن لە ماددەکان و دەرکەوتنی دیاردە جیاوازەکان و هەڕەمەکییەکان لە هەموو بوارەکانی زانست و بیرکاریدا.

لە مەراسیمەكەدا خەڵاتی دارایی 1.15 ملیۆن دۆلار دابەشکرا بەسەر سێ زاناکەدا، هەروەها بڕیارە خەڵاتەکانی بواری کیمیا، ئەدەب، ئاشتی و ئابوریی لەم هەفتەیەدا و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکرێن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©