سەرچاوە ئاگادارو نزیكەكان لەبەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق جەختدەكەنەوە، ناوبراو خواستی هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر بەسەرۆك كۆماری وڵات هەڵبژێرێتەوە.

هونەر حەمە رەشید


سەرچاوەكان جەختیش دەكەنەوە، بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، دەستی بەهەوڵ‌و جموجوڵە ناوخۆیی‌و هەرێمییەكان كردووە، كە دەیەوێت وا خۆی نیشانبدات، لەماوەی خولی سەرۆكایەتییەكەی هەوڵیداوە هاوسەنگی نێوان هێزەكان بپارێزێت‌و رۆڵیشی هەبووە لەنزیككردنەوەی عێراق لەوڵاتانی ناوچەكە.


لەگەڵ ئەوەی بەرهەم ساڵح خواستی هەیە جارێكی تر بەسەرۆك كۆمار هەڵبژێرێتەوە، بەڵام لایەنە شیعی‌و سوننییەكان لەكارەكانی رازی نین‌و دەیانەوێت لەو پۆستەی دووربخەنەوە.


هەرچەندە لایەنە شیعی‌و سوننییەكان لەكارەكانی بەرهەم ساڵح رازی نین، بەڵام رێككەوتنی لایەنە كوردییەكان لەسەر ئەو پرسە، رۆڵی یەكلاكەرەوەی دەبێت لەدانانەوەی بەرهەم ساڵح لەپۆستی سەرۆك كۆمار، بەو پێیەی ئەو پۆستە پشكی كوردە لەناو پۆستە باڵاكانی عێراق.


سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، ئێستا بەرهەم ساڵح هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی زۆرێك لەلایەنەكان رازی بكات بە هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆك كۆمار، لەو چوارچێوەیەش هەفتەی رابردوو سەردانی شاری هەولێری كردووە.


بەپێی سەرچاوەكان، سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر بۆ ئەوە بووە بەپرسانی پارتی دیموكرات رازی بكات بەوەی كاندیدی لایەنە كوردییەكان بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.


پێشتر بەرهەم ساڵح لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی وتی: دەمەوێت ببمەوە بەسەرۆك كۆماری عێراق، چونكە زۆر كاری تر ماوە لەو پۆستەدا ئەنجامی بدەم.
بڕیارە لە 10\10\2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، كە هەڵبژاردنی پێشوەختەو بەپێی دابەشكاری پۆستە باڵاكان لەساڵی 2003 بەدواوە، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی كوردەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی سوننەیەو پۆستی سەرۆك وەزیرانیش پشكی لایەنە شیعییەكانە.


لەناو لایەنە كوردییەكانیش لەدوای ساڵی 2003وە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ كاندیدی یەكێتی نیشتمانی بووە، بۆیە رێككەوتنی ئەو حیزبەو پارتی دیموكرات گرنگە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.


هەرچەندە چوونی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر رازی كردنی بەپرسانی پارتی بوو بۆ كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام لەسەردانەكەی نەگەیشتە ئامانجەكەی، كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات بوو.


بەرهەم ساڵح لەسەردانەكەی تەنیا چاوی كەوت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو پارتە.


هەر بەپێی سەرچاوەكان، بەرهەم ساڵح لەو كۆبوونەوەی باسی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی‌و پرسی هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆك كۆماری لەگەڵ مەسرور بارزانی كردووە، بەڵام دیارنییە رەزامەندی ئەو لایەنەی وەرگرتبێت بۆ كاندیدكردنەوەی بەسەرۆك كۆماری عێراق.


لەساڵی 2018 كاتێك یەكێتی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرد، پارتی بەو كاندیدە رازی نەبوو، بۆیە خۆی فوئاد حوسێنی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردو دواجار بە دەنگدانی پەرلەمانیی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێرا.


ئەم پرسە كێشەی خستە نێوان پارتی‌و یەكێتی، نێوانی مەسعود بارزانی‌و بەرهەم ساڵح بەتەواوی تێكچوو، بۆیە ئێستا بەرهەم ساڵح دەیەوێت نێوانی لەگەڵ بارزانی باش بكات، بەڵام لەسەردانەكەی بۆ هەولێر نەگەشت بەو ئامانجەی‌و رەنگە بە دەست بەتاڵی گەڕابێتەوە بەغدا.


هەروەها سەرچاوەكان جەختیان كردووەتەوە، بەرهەم ساڵح جگە لەپارتی دیموكرات، پێویستی بە رەزامەندی تەواوی سەركردایەتی حیزبەكەشی "یەكێتی" هەیە، بۆ ئەوەی كاندید بكرێتەوە بەسەرۆك كۆماری عێراق.


سەرچاوەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، لەناو یەكێتی جگە لەبەرهەم ساڵح، چەند كەسێكی تر چاویان لەپۆستی سەرۆك كۆمارەو دەیانەوێت ببنە كاندیدی حیزبەكەیان.


هاوكات پارتی جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، دەیەوێت لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لەداهاتوو بۆ رازیكردنی لایەنە عێراقییەكان هەوڵەكانی چڕبكاتەوەو رەنگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمیش بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات.


بۆیە چاودێران دەڵێن: رەنگە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی‌و ئەو خواستەی پارتی دیموكرات، ببنە لەمپەرێكی گەورە لەبەردەم بەرهەم ساڵح بۆ هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆك كۆمار.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©