رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" وردەكاری رزگاركردنی گۆڕی پێغەمبەرێكی یەهوودی بڵاوكردەوە، كە ئەو گۆڕە لەژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعش بووە لەباكووری عێراق.

هونەر حەمە رەشید
رۆژنامەكە پرۆسەكەی بە پرۆسەیەكی "ئازایانە" پەسنكردووە، كە لەلایەن پزیشێكی ڤێتەرنەری لەسوپای ئەمریكاو دوو ئەندازیاری ئیسرائیلی ئەنجامدراوە، ئەویش گۆڕی پێغەمبەر ناحوم بووە.


مێژووی پرۆسەكە بۆ یەكێك لەرۆژەكانی مانگی ئەپریڵی ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، كە لەرێگەی دوو ئۆتۆمبیلی جۆری جێپ بووە، ئۆتۆمبیلەكانیش لەهەرێمی كوردستانەوە بەرەو گوندی ئەلقوش چوون، كە گوندێكی بچووكی مەسیحی نشینەو دەكەوێتە باكووری شاری موسڵ.


لەپرۆسەكەدا دوو ئەندازیارە ئیسرائیلییەكە لەگەڵ كۆمەڵ
ێك كەس بوون‌و هەر یەكێكیان لەناو ئۆتۆمبیلێك دانیشتوون، ئەوەش بەهۆكاری خۆپارێزی‌و لایەنی ئەمنی.

 

دوو ئەندازیارەكە ناویان یەعقوب شافر و مئیر رونین بووە، كە بەپاسپۆرتی ئیسرائیلی‌و بە بیانووی بەشداری لە كاری خێرخوازی هاتوونەتە عێراق، كە لەگەڵیشیان سەرمایەدارێكی یەهودی ئەمریكی بەناوی ئادەم تیفن هەبووە، ئەویش لەسوپای ئەمریكا خزمەتی سەربازی كردووەو لەرێكخراوێكی خێرخوازیش بەناوی "سبع البور ببغداد" كاری كردووە.


ئەو دوو كەسە ئیسرائیلییەو ئەو تیمەشی لەگەڵیان بوون، ئەوكات بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە چوونەتە گوندی ئەلقوش، كە بەهۆی هێرشی داعشەوە وێران بووەو لەو كاتەشدا سوپای عێراق 20 كۆلۆمەتر لەگوندەكە دووربوون‌و چەكدارانی داعشیش لەشەڕدابوون لەگەڵیان.


كاتێك كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی تیمەكە لەگوندەكە نزیكبوونەتەوە، دوو ئۆتۆمبیلە جێپەكە وەستاون‌و شافر و رونین بەهاوڕێیەتی چەند پاسەوانێكی كورد دابەزیون‌و هەموویان بەسەر یەك تولە رێگەدا چوون بۆ سەر گۆڕەكە، كە لەناوچەیەكی مێژوویی گوندەكە بووەو بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان ئەو پێغمبەرە "ناحوم"، لەسەدەی حەوتی پێش لەدایكبوونی مەسح ژیاوە.


بەپێی رۆژنامەكە دانیشتوانی ئەو گوندە لەو كاتەدا زۆرینەیان پەیڕەوكەرانی كەنیسەی كلدانی كاسۆلیكی بوون، كە لەلایەن قەداسەی یەهوودییەكان پاسەوانیان كراوە.


هەر بەپێی رۆژنامەكە، هەریەكە لە شلفر و رونین شارازاییان لە مێژووی پەرستگاكانی یەهودییەكان هەبووە، هەروەها لەگەڵ رێكخراوی نۆژەنكردنەوەی پەرستگاكانیش كاری خۆبەخشیان كردووەو بەو هۆیەوە شارەزایی باشیان پەیدا كردووە.


ئەو تیمە دوای ئەنجامدانی كارەكانیان لەسەر گۆڕەكەو وەرگرتنی زانیاری لەبارەیەوە، گەڕاونەتەوەو تیمەكەش زانیارییەكانیان گەیاندووەتە چەند رێكخراوێكی ئیسرائیلی تایبەتمەند لەو بوارەدا، ئەوەش لەپێناوی پارێزگاری ‌و نۆژەنكردنەوەی گۆڕەكە.


رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە سەرەتای ساڵی 2018 بەهاوكاری كۆمپانیایەكی چیكی، دەست بەنۆژەنكردنەوەی گۆڕەكە كراوەو بڕیاربووە لەسەرەتای 2020 كارەكانی تەواو بكرێت، بەڵام هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كارەكانی بۆ مانگی چواری 2021 دواكەوتووە.


هەروەها رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئێستا پەرستگاكە بەڕووی زیارەتكاراندا كراوەتەوە، بەڵام ناوچەیەكی پارێزراو نییە بۆ زیارەتكارانی هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلی، بەو پێیەی عێراق رێگەنادات بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئیسرائیلی سەردانی وڵاتەكە بكەن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©