لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی نێوان مهاباد و پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو. 

شەوی هەینی 17-09-2021 ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پراید لە رێگەی سەر مەیدان نزیک گوندی لکبن سەر بە شاری مهاباد وەرگەڕا و سێ کەس لە سەرنشینەکانی کە تەمەنیان لە نێوان 23 و 27 ساڵدایە، دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا؛ سەرنشینێکی دیکەی ئۆتۆمبێلەکەش بەسەختی بریندار بوو و بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە.

تاهیر ئاریا، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای مهاباد دەڵێ: "پرایدەکە لە رێگە لایداوە و دوای وەرگەڕان، کەوتووەتە دۆڵێک".

بەووتەی تاهیر ئاریا، کەسێکی دیکەش کە رووداوەکەی بینیوە، تووشی شۆک بووە و فریاکەوتنی خێرای پیرانشار بۆ نەخۆشخانەیان گواستووەتەوە.

تاهیر ئاریا دەڵێ، هێشتا هۆکاری رووداوەکە نازانرێ و پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە رێگەکە خراپە، تابلۆی ئاگادارکردنەوەی کەمی لێیە.

هەفتەی رابردووش لە رێگەی مهاباد بۆ ورمێ لە رووداوێکی هاتووچۆدا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©