پیاوێکی سوێدی کە چوار ساڵە بێ ماڵە و لە شوێنە گشتییەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەژی بەهۆی بردنەوەی لۆتەرییەکی تایبەت بە پێشبڕکێی ئەسپ کە بە (Trav) ناسراوە، یەک ملیۆن و 800 هەزار کرۆنی سوێدی بردەوە، کە دەکاتە زیاتر لە 207 هەزار دۆلار.

ئێستا ئەو کەسە بە "ملیۆنێرە بێ ماڵەکە" ناودەبرێت و دەڵێت: "ئەوەی روویدا جێگەی باوەڕ نییە؛ بۆیە یەکەم شەو دوای بردنەوەی ئەو خەڵاتە نەنووستم، چونکە زۆربەی ژیانم لە ئالوودەبوون و تاوانکردن و بێ ماڵی بەسەربرد، تەنانەت بەهۆی تاوانکردنەوە چەند ساڵێکی ژیانم لە بەندیخانەدا تێپەڕاند". 

"ملیۆنێرە بێ ماڵەکە"ی سوێد دەشڵێت: "رۆژێکیان بڕیارمدا شێوازی ژیانم بگۆڕم؛ بۆیە دوای بەسەربردنی 27 ساڵ لەنێو تاوانکردن و ئالوودەبوون، چارەسەرم وەرگرت و خۆم لە ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر رزگار کرد، بەڵام رێکخستنەوەی باری داراییم ئاسان نەبوو، بۆیە هەر بە بێ ماڵی مامەوە تاوەکو ئەو خەڵاتەم بردەوە، هەرچەندە کاتێک بەرپرسی کۆمپانیای لۆتەریەکە بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان یەک ملیۆن و 800 هەزار کرۆنت بردووەتەوە، پێم وابوو گاڵتە دەکەن، چونکە من تەنیا 96 کرۆنم بۆ کڕینی ئەو لۆتەریە دابوو، تەنانەت قسەی خراپم بە بەرپرسی کۆمپانیاکە گوت و تەلەفۆنەکەم فڕێدا، بەڵام کاتێک چوومە نێو هەژماری خۆم زانیم کە راست دەڵێن".

"ملیۆنێرە بێ ماڵەکە"ی سوێد دەڵێت: "دەمەوێ شوقەیەک بۆ نیشتەجێبوونی خۆم بکڕم و 400 هەزار کرۆنیش بدەمە کچەکەم، چونکە ئەو دەزانێ خەڵاتەکەم بردووەتەوە؛ بۆیە دوێنێ پەیوەندیم پێوە کرد، بەڵام ئەوەیش وەکو من باوەڕی نەدەکرد".

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©