لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمان، دوای پەیوەندیکردنی بە یانە فەرەنسییەکەوە بووەتە هۆکاری گەشانەوەیەکی زۆر و بەرەوپێشبردنی ئابووریی یانەکە لە هەموو لایەکەوە.

رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی دەڵێت " مێسی لە ئەگەری مانەوەی لە پاریس سانجێرمان لە ماوەی سێ ساڵی گرێبەستەکەیدا بۆ هەر ساڵێک 30 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، یەک ملیۆن یۆرۆ بەهۆی ئەو کارانەی یانەکە وەردەگرێت کە بەشێوەیەکی داخراو دەکرێن، جگە لەوەش لە وەرزی دووەم و سێیەمی گرێبەستەکەی بۆ هەر ساڵێک 10 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشت دەدرێتە یاریزانەکە، ئەمەش وەک پاداشتێک بۆ پابەندبوون بە گرێبەستی یانەکە."

بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، پاریس سانجێرمان لەگەڵ گواستنەوەی مێسی چەند سپۆنسەرێکی نوێی بۆ پەیدابووە کە پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ یانەکە بوو، ئەوانیش کۆمپانیای دیۆری تایبەت بە جلوبەرگ و کۆمپانیای سریپتۆی تایبەت بە پارەی دیجیتاڵین.

مێسی هەر تەنیا خێری بۆ یانەی پاریس سانجێرمان و خولی فەرەنسا نەبووە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر قەتەریش هەبووە.

بەهۆی مێسییەوە یانەی پاریس سانجێرمان گەشەسەندنێکی خێرای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەخۆیەوە بینی و 20٪ لە تویتەر، ئینستاگرام، یوتیوب، فەیسبووک و تیکتۆک زیادیکرد، بەمەش پێش یانەی یوڤێنتوس کەوت و بووە رکابەری بارسێلۆنا و ریال مەدرید.

مێسی بەهۆی ئەو کاریگەرییە زۆرەی لەسەر یانە فەرەنسییەکە دروستیکردووە لە میدیای فەرەنسادا وەک خەزێنەی زێڕ ناودەبرێت، بەتایبەت کە لەگەڵ گەیشتنی بۆ پاریس پشکەکانی ئەو یانەیە لە هەموو لایەکەوە بەشێوەیەکی نا ئاسایی بەرزبوونەوە و گەشەکردنێکی خێرای بەخۆیانەوە بینی.

رۆژی یەکشەممە مێسی یەکەم یاریی خۆی لە پارک دی پرێنس ئەنجامدەدات، کاتێک بەرامبەر یانەی لیۆن یارییدەکەن، چاوەڕواندەکرێت بەهۆی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەوە پشکەکانی پاریس زیاتر بەرەوپێشوەبچن و ئابووریی یانەکە بەهێزتربێت.

پێشتر لەکاتی ناساندنی مێسیدا وەک یاریزانی پاریس سانجێرمان، ناسر خلێفی، سەرۆکی ئەو یانەیە بە رۆژنامەڤانانی گوت "دوای گواستنەوەی مێسی گرێبەستی زۆر لەرووی ئابوورییەوە پێشکێشکراون، کە ئەگەر باسیان بکەم بڕوای پێناکەن."

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©