ئەمڕۆ 6 یاری لە گەڕی پێنجەمی پرێمەرلیگ بەڕێوەدەچن، هەردوو یانەی لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی هەوڵدەدەن بە بردنەوە شوێنپێی خۆیان لە پێشەنگی ریزبەندیی قاییم بکەن.

یارییەکانی ئەمڕۆ بە رووبەڕووبوونەوەی وۆلڤەرهامپتۆن و برێنتفۆرد دەستپێدەکات، ئینجا لە یارییەکی گرنگدا لیڤەرپوول لەسەر یاریگەی ئانفێڵد میوانداری کریستاڵ پالاس.

رێدز یەکێکە لەو چوار یانەیەی تاوەکو ئێستا بە 10 خاڵ لە پێشەنگن، بۆیە هەوڵدەدات پارێزگاری لە هەڵوێستی خۆی لە ریزبەندیدا بکات، بۆ ئەوەش دەبێت لە میوانەکەی بباتەوە، کە خاوەنی 5 خاڵە و لە پلەی 11ـی ریزبەندیدایە.

یۆرگن کڵۆپ دەتوانێت بە تەواوی پێکهاتەکەی یاری بکات و هەموو یاریزانانی ئامادەن بۆ ئەم یارییە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانێت کە کریستاڵ پالاس لە یاریی رابردوویدا لە تۆتێنهامی بردووەتەوە و یاریزانانی ورەبەرزن و ئەگەری هەیە کێشەی بۆ دروست بکەن، ئەگەرچی کڵۆپ تاوەکو ئێستا 10 یاری لە کریستاڵ پالاس بردووەتەوە، کە زیاترین ژمارەی سەرکەوتنە ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە لە بەرامبەر یانەیەکی ئینگلیزی بەدەستیهێنابێت.

مانچێستەر سیتی، ئەگەرچی 9 خاڵی هەیە، بەڵام بەهەمان ئامانجی لیڤەرپوول میوانداری ساوسامتۆن دەکات، چونکە بە بردنەوە بەرەو لووتکە دەچێت، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت.

تیپەکەی پێپ گواردیۆلا دوای دۆڕانی یەکەم یاری لە پرێمەرلیگدا، هەرسێ یارییەکەی دیکەی بردووەتەوە و دەیەوێت درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات، بەتایبەتیش کە میوانەکەی ئەمڕۆی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لەم وەرزەدا هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبێنێت، تەنیا 3 خاڵی هەیە و لە پلەی 14ـی ریزبەندیدایە.

ساوسامتۆن لە دوایین 6 یارییدا بە مانچێستەر سیتی دۆڕاوە، کە پێشتر ئەو دوو یانەیە 72 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، مان سیتی 31 جار براوە بووە و ساوسامتۆن 23 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 18 یارییشدا هەردوو یانە یەکسانبوونە.

دوایین یاریی ئەمڕۆ لە نێوان ئاستۆن ڤێلا و ئێڤێرتۆن دەبێت، کە ئەمەی دوایی تاوەکو ئێستا ئاستێکی نایابی پێشکەشکردووە و خاوەنی 10 خاڵە، ئەگەرچی ئەو یانەیە نایەوێت لە گەورەکان دابڕێت، بەڵام ئەرکی ئەمجارەی لە نێو یاریگەی ڤیلا پارکدا زەحمەت دەبێت، بەتایبەتیش کە ئاستۆن ڤێلا یاری رابردووی بەرامبەر بە چێڵسی دۆڕاندووە و دەیەوێت بە بردنەوە لە ئێڤێرتۆن هاندەرانی ئاشت بکاتەوە.


یارییەکانی ئەمڕۆ:

وۆلڤەرهامپتۆن - برێنتفۆرد 14:30
لیڤەرپوول - کریستاڵ پالاس 17:00
مانچێستەر سیتی - ساوسامپتۆن 17:00
نۆرویچ سیتی - واتفۆرد 17:00
بێرنلی - ئارسیناڵ 17:00
ئاستۆن ڤێلا - ئێڤێرتۆن 19:30

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©