وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایدەگەیێنێت کە وڵاتەکەی باڵیۆزەکانی لە ئەمریکا و ئوسترالیا دەکشێنێتەوە ئەوەش بەهۆی رێککەوتنی ئەمریکا و ئوسترالیا کە ئەمریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرەنسا بڕیاریداوە کەشتیی ژێردەریایی ناوەکی بۆ ئوسترالیا دروست بکات.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئەمریکا و بەریتانیا ژێردەریایی ناوەکی دەدەنە ئوسترالیا، ئەوەش فەرەنسای تووڕە کردووە، چونکە لە ساڵی 2016 دا هێزی دەریایی ئوسترالیا رێککەوتنێکی گەورەی لەگەڵ فەرەنسا کرد بۆ دروستکردنی چەند ژێردەریاییەک. ئەو رێککەوتنە 55 ملیۆن یۆرۆ قازانجی فەرەنسای تێدا بوو و ئێستا هەڵوەشاوەتەوە.

ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری بەپەلەی کشاندنەوەی ئەو دوو باڵیۆزە بەهۆی "جیدییەتیی راگەیێندراوی ئەمریکا و ئوسترالیا لە 15ـی ئەم مانگە بووە."

فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە ئوسترالیای بەوە تۆمەتبارکرد کە لە پشتەوە خەنجەری لێداوە و بە ئەمریکایشی گوت، ئەو رەفتارە لە هی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ دەچوو.

بەپێی راگەیێندراوەکەی بایدن، ئەمریکا بە هاوکاریی بەریتانیا تەکنەلۆژیا و هاوکاری پێشکەشی ئوسترالیا دەکەن لە بەرەوپێشبردنی ژێردەریاییە ناوەکییەکانیان. 

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی رێککەوتنەکە رایگەیاند، "ئێمە هەلێکی نوێمان دەبێت لە بەهێزکردنی جێگەی بەریتانیا لە پێشڕەویکردنی زانست و تەکنەلۆژیا و بەهێزکردنی توانا نەتەوەییەکانمان؛ هەروەها گرنگترین شت ئەوەیە کە بەریتانیا، ئوسترالیا و ئەمریکا هێشتا لەیەکدی نزیکدەبنەوە." 

سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیاش دەڵێت، "دەستپێشخەریی گەورەی یەکەمی ئەمریکا و بەریتانیا بریتییە لە گەیاندنی ژێردەریاییەک کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکات بۆ ئوسترالیا. لە 18 مانگی داهاتوودا، ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ دیاریکردنی باشترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی ئەمە."

هیچ کام لە ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە ئاماژەیان بە ناوی چین نەدا، کە ئەمریکا نەیشاردوەتەوە کاردەکات بە مەبەستی لاوازبوونی پێگەکەی. چینیش سەرکۆنەی رێککەوتنەکەی کرد و رایگەیاند، سەقامگیری ناوچەکە دەشێوێنێت و بە هەنگاوێکی "نا بەرپرسانە" ناویبرد.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©