تەمەنی تەنها ٢٣ ساڵ بوو، دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی، بە هیوایەکی گەورەوە رووی لە زائیر (کۆنگۆی دیموکرات) کرد، ئەو کەسە (Dan Gertler)ی ئیسرائیلی بوو، تاکو دەست بەسەر ئەڵماس و سەرچاوە بەنرخەکانی ئەفریقییەکاندا بگرێت، ئەو مرۆڤانەی لەسەر کانی ئەڵماس دەژین و لە برسانیش دەمرن.

پاشەگەردانی سیاسی

نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، دەیەی پاشەگەردانی سیاسی و ناسەقامگیری بوو لە کۆنگۆ، جەنگی ناوخۆ وڵاتانی ناوەڕاستی ئەفریقای خەڵتانی خوێن کرد، بەتایبەت جەنگی نێوان توتسی و هوتوییەکان لە رواندا، کۆنگۆش راستەوخۆ کەوتە ژێر کاریگەری ئەم جەنگەوە.

ساڵی ١٩٩٧ هاوپەیمانی نێوان سوپای رواندا و ئۆگەندا حکومەتەکەی مۆبۆتۆیان لە کۆنگۆ روخاند و لەگەڵ کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکاندا رێککەوتن، بەتایبەت لۆران کابیلا کە دواتر خۆی وەک سەرۆکی وڵات ناساند، بەتایبەت دوای دەستگرتن بەسەر پایتەختی وڵاتدا.

لە سەربازییەوە بۆ ملیاردێری

گێرتلەری تەمەن ٤٧ ساڵ لە خێزانێکی بازرگانی ئەڵماسە، ئەم بازرگانییەش لە باپیری بۆ باوکی و لە باوکیشییەوە بۆ خۆی بەجێماوە. دوای تەواوبوونی خزمەتی سەربازی، یەکسەر روو لە کۆنگۆ دەکات، تاکو درێژە بە بازرگانییە گرانبەهاکەی باوک و باپیری بدات.

گێرتلەر کە گەیشتە کۆنگۆ، توانی پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا دروستبکات، بەتایبەت کابیلای باوک و دواتریش کابیلای کوڕ کە دوای ئەوەی باوکی لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن یەکێک لە پاسەوانە تایبەتییەکانیەوە کوژرا بوو بە سەرۆکی کۆنگۆ.

گێرتلار لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، توانی دەست بەسەر دەرهێنان و بازرگانیکردن بە ئەڵماس، نەوت، بەردە گرانبەهاکان و سەرچاوە سروشتییەکانی کۆنگۆدا بگرێت.

ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ ئەوەی قۆرخی بازاڕی کانزاکانی کۆنگۆ بکات، گێرتلەر گرێبەستی پێدانی چەکی خستبووە بەردەم سەرۆک کابیلا، هەر ئەمەش نا، بەپێی راپۆرتی رێکخراوە ناحکومییەکانی کۆنگۆ، بەهۆی ئەو ئاسانکارییانەی لەلایەن حکومەتی کۆنگۆ و سەرۆکەکەی بۆ گێرتلەریان کردووە، ئەم وڵاتە بە بڕی ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری فۆربێس، لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، گێرتلەر لە رێگای دەستگرتن بەسەر بازاڕ و کانی کانزا، کشتوکاڵ و بانکەکاندا، توانیویەتی بڕی سامانەکەی بگەیەنێتە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، هەموو ئەمەشی لە رێگای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی کۆنگۆدا کردووە کە هەندێکیان لە تاوانی جەنگەوە تێوەگلاون، لە سەرووی هەمووشیانەوە جۆزێف کابیلای سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە.

گرێبەستی نایاسایی

دەستە یاساییەکانی کۆنگۆ و ئەفریقا ئاماژە بەوە دەکەن، گێرتلەر لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکانی ناو حکومەتی کۆنگۆش بەهێز کرد، ئەمەش رێگای بۆ خۆشکرد، تاکو بتوانێت چەندین گرێبەستی نایاسایی بۆ دەرکردن و بازرگانیکردن بە ئەڵماس، نەوت و ئاڵتونی کۆنگۆ ئەنجامبدات، ئەمە جگە لە بازرگانیکردن بە کانزا هەرە بەنرخەکانی ئەو وڵاتە.

بەشێکی ئەم زانیارییانە لەبارەی کارە نایاسییەکانی گێرتلەر لە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی "پەنەما و بەهەشت"دا هەن کە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بڵاوکرانەوە و بەشێکی زۆریان تایبەت بوون بەوەی چۆن ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکەکانی جیهان بە نایاسایی خۆیان لە باج دزیوەتەوە.

بلۆککردنی پارەکانی

چەند لایەنێک سەرکۆنەی شێوازی کاری گێرتلەریان کردووە لە کۆنگۆ، لەوانەش بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەمە جگە لە بلۆککردنی پارەکانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ.

چەند رۆژێک پێش کۆتایهاتن بە دەسەڵاتەکەی دۆناڵد ترەمپ، گێرتلەر توانی مۆڵەتی ساڵانەی تایبەت وەربگرێت و پارە بلۆککراوەکانی لە ئەمریکاوە بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازێتەوە، ئەمەش ترس بوو لەوەی جۆ بایدن بلۆککردنەکە نوێ بکاتەوە، گێرتلەر ئەم کارەی لە رێگەی لۆبییە بەهێزەکانی ئیسرائیل لە واشنتن کردبوو.

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر گێرتلەر بە تۆمەتی دەستتێکەڵکردنیەتی لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆنگۆ لە ئەنجامدانی گەندەڵیدا کە وای کرد ئەم بازرگانە ببێت بە ملیاردێر و دەست بەسەر بازاڕی کانزا سروشتییەکانی ئەو وڵاتەدا بگرێت.

خاوەنی ٨٠٪ی کانزای کۆلتان

کۆنگۆ لە باشوری بیابانی گەورەی ئەفریقایە، لە رووی رووبەرەوە لە دوای جەزائیر دووەم وڵاتی ئەفریقایە. بە سەرچاوە سروشتییەکانیان و کانزا دەگمەنەکان بەناوبانگە، هەر بۆیە بووەتە جێگای چاوتێبڕینی وڵاتانی جیهان.

بەپێی تۆمارەکان، کۆنگۆ خاوەنی ٨٠٪ی کانزای کۆلتانە کە لە پیشەسازی ئەتۆمی، بزوێنەری فڕۆکە، موشەک و ئامێری ئەلکترۆنی ئاڵۆزدا بەکاردەهێنرێت.

گێرتلەر نیگەرانە

دەنگە ناڕازییەکان و رەخنەگرانی کۆنگۆ باس لەوە دەکەن، هەڵگرتنی سزاکان لەسەر گێرتلەر لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو هەوڵانە لەبار دەبات کە سەرۆکی تازەی وڵات کە بە دیموکراسی هاتووەتە سەر دەسەڵات بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دەیدات.

گێرتلەر نیگەرانە لە سەرۆکی نوێی وڵات کە دەیەوێت شوێنەواری خراپی سەرۆکی پێشووی وڵات بسڕێتەوە کە بە هاوکاری گێرتلەر وڵاتیان بەرەو گەندەڵی و داتەپین برد.

گروپی کۆمەڵەی بەرگریکردن لە مافەکان لە کۆنگۆ و رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا کردووە و داوایان کردووە کە سزاکانی سەر گێرتلەر چالاک بکرێنەوە.

رزگارکەری ئەفریقییەکان

گێرتلەر کە باوکی ١١ منداڵە و کەسێکی پەیوەستە بە ئاینەکەیەتی، زۆربەی کاتەکانی لە کۆنگۆ بەسەر دەبات و تەنها رۆژانی شەممە بۆ جێبەجێکردنی سروتە ئاینییەکانی دەگەڕێتەوە ئیسرائیل، هەموو تۆمەتەکانی سەری رەتدەکاتەوە و خۆی بە رزگارکەری ئەفریقییەکان ناو دەبات.

گیرتلەر دەڵێت، ئەو رزگارکەری خەڵکی کۆنگۆیە و لە بەرامبەر ئەو هەڵانەی بۆ گەشەکردنی کۆنگۆ و پشتیوانی سەقامگیری داویەتی لە کۆنگۆ، شایستەی خەڵاتی نۆبڵە.

خاوەن ئەڵماسە برسییەکان

لە کاتێکدا گیرفانی گێرتلەر پڕە لە پارەی ئەڵماس، نەوت و کانزا بەنرخەکانی کۆنگۆ، بەڵام ئەم وڵاتە لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی جیهانە.
زۆرینەی کۆنگۆییەکان لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و بەپێی تۆمارەکانی ساڵی ٢٠١٨ی بانکی نێودەوڵەتی، ٧٢٪ی خەڵکی ئەم وڵاتە لە "هەژاری زۆردا" دەژین.
هێزی گێرتلەر
پەیوەندییەکانی گێرتلەر لەگەڵ کۆمپانیاکان و کەسایەتییە جولەکاکاندا وای کردووە بە ئاسانی کانزا گرانبەهاکەی کۆنگۆ ببات و بیگەیەنێتە جیهان، لەوانەش کۆمپانیای (Glencore)ی گوماناوی، کە سەرەڕای ئەوەی نەناسراوە بەڵام خاوەن قازانجێکی خەیاڵییەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەم کۆمپانیایە گەورەترین کۆمپانیای کانزاکانە لە رووی بەدەستهێنانی زۆرترین قازانجەوە و گەورەترین هەناردەکاری کانزای زینک و کۆبالتە لە جیهاندا.

مارک ریچ

ئەم کۆمپانیایە لەلایەن مارک ریچی بازرگانی جولەکەوە دامەزراوە، بە پارەدانی زۆر بە دەوڵەتی ئیسرائیل بەناوبانگە و ساڵی ٢٠١٣ لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

ریچ بەوە ناسراو بووە کە لەگەڵ ئەو رژێمانەی جیهاندا کاری کردووە کە سزای نێودەوڵەتییان لەسەر بووە و بەم جۆرە توانیویەتی کانزاکانیان لە جیهاندا بۆ ساغ بکاتەوە.

کۆمپانیاکەی ریچ هاوکاری رژێمی ئەپارتاید لە باشوری ئەفریقا، رژێمی سەدا حسێن لە عێراق و رژێمی ئێرانی کردووە کاتێک سزا و گەمارۆ لەسەر ئەم رژێمانە بووە.

بەشێک لە رۆژنامەکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن، "ریچ ئەو کەسەیە نەوتی ئێرانی دەگەیاندە ئیسرائیل". هەر بۆیە لەو ١٠ کەسە دیارە بووە کە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای)ەوە داواکراو بووە، بەڵام دواتر بەر لێبوردنی سەرۆکایەتیی بیل کلینتۆن کەوت، ئەمەش گومانەکانی زیاتر کرد لەبارەی ئەو هەموو پارەی ریچ بە هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆکایەتی بیل کلینتۆنی دا.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©