سامۆیل مۆین پرۆفیسۆری بواری مێژوو و یاسا له‌ زانكۆی یلی ئه‌مه‌ریكی له‌ ڕۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی به‌ ناونیشانی " ئه‌مه‌ریكا چۆن جیهانێكی دروست كرد، كه‌ جه‌نگه‌كان تێیدا كۆتاییان نایه‌ت" تێیدا به‌ وردی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ڵێنی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ دووپات له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی هێزه‌كان و داخستنی گوانتانامۆ و جێگیركردنی ئاشتی ده‌كه‌ن، كه‌چی دوای سه‌ركه‌وتنیان جه‌نگه‌كان نه‌ك كۆتاییان نایه‌ت، بگره‌ فره‌وانتر و ترسناكتر ده‌بن و قوربانی و سنووره‌كانی زیاتر ده‌بن.


میدیا بنیامین كه‌ چالاكێكی ئه‌مه‌ریكییه‌ و له‌ پێناوی ئاشتی تێده‌كۆشێ، له‌ فۆرت ماكنیری واشنتنی پایته‌خت ئاماده‌ بوو كه‌ تێیدا بایدن وتاری پێشكه‌ش ده‌كرد، ئه‌و قسه‌كانی به‌ بایدن بڕی و ڕه‌خنه‌ی توندی لێ گرت، به‌وه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌ جه‌نگه‌كان به‌كارده‌هێنێت، له‌ كاتێكدا به‌ڵێنی كۆتاییهاتنی جه‌نگه‌كانت دا بوو، تا ئێسته‌یش گرتووخانه‌ی دوورگه‌ی گوانتانامۆ دانه‌خراوه‌، هه‌میشه‌یش سووربوونی خۆت ده‌خسته‌ ڕوو، كه‌ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی وه‌لا ده‌نێی و بۆ نه‌هێشتنی كێشه‌كان ڕێگه‌ی دیپلۆماسی ده‌گریته‌به‌ر، به‌هۆی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌ بایدن له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌، پۆلیسی نهێنی له‌ شوێنه‌كه‌ دووریان خسته‌وه‌.


دواتر ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" بابه‌تێكی له‌سه‌ر بڵاوكرده‌وه‌، بایدنی به‌ به‌رگه‌نه‌گرتوو له‌ به‌رانبه‌ر ڕه‌خنه‌ ناوبردوو، گاڵته‌یشی به‌ بیانووی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و چالاكه‌ كرد، كه‌ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا باسی لێوه‌ ده‌كرد، كه‌ به‌هۆی بڕینی په‌یام و وتاری سه‌رۆك بووه‌.

ئۆباما كه‌ به‌ دژبه‌رێكی سه‌رسه‌ختی شه‌ڕ داده‌نرا و زۆرترین به‌ڵێنی كۆتاییهێنانی جه‌نگه‌كانی دا، كه‌چی له‌ دوو ویلایه‌تی حوكمی ئه‌و دا جه‌نگه‌كان فره‌وانتر بوون
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئازار و شكسته‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كانی جیهان تووشی بووه‌ و هه‌زاران سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی گیانیان به‌خشی و زۆرێكیشیان په‌ككه‌وته‌بوون، كه‌چی واشنتن به‌رده‌وامه‌ له‌ فره‌وانكردنی سه‌نگه‌ره‌كانی جه‌نگ و به‌كارخستنی چه‌كی پێشكه‌وتوو و قووڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان و هه‌وڵنه‌دان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ هه‌موو به‌ڵێن و قسه‌ی سه‌رۆك و حكوومه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی چه‌سپاندنی ئاشتی له‌ جیهان ته‌نیا بۆ خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك و جیهانه‌ و هیچ كردارێكی ڕاسته‌قینه‌ی له‌ پشته‌وه‌ نییه‌.


واشنتن به‌ كاتی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان ده‌دات، دواتر له‌ ناكاو ڕووداوێك ڕوو ده‌دات، كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌  هه‌یه‌ ڕووداوه‌كانیش دروستكراو بن، به‌مشێوه‌یه‌ ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكا و وڵاته‌كه‌یش ناچار ده‌كات، كه‌ دووباره‌ ڕێ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بدرێت، ئیتر ئه‌و سیناریۆ هه‌میشه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و دواتر جارێكی تر سه‌ربازه‌كانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتن پارێزراو بێت.


له‌ ڕاستیدا ئه‌م یارییه‌ دووباره‌یه‌، كشانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نگه‌كان هه‌رگیز كۆتاییان نایه‌ت، جیا له‌وه‌یش ئه‌مه‌ریكا به‌ نهێنی ئامانجی له‌ دروستكردنی جه‌نگی له‌ناوبردن و كوشتن نییه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ جه‌نگی هه‌ژموون سه‌پاندن و چاودێری وڵاتانه‌، له‌ ڕێی به‌رده‌وامی یاری له‌مجۆره‌ و جه‌نگی ده‌روونییه‌وه‌.


ئۆباما كه‌ له‌ 2008 حوكمی ئه‌مه‌ریكای گرته‌ ده‌ست، به‌ بڕوای هه‌مووان ڕكابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی جه‌نگه‌كان بوو، هه‌موو ئه‌مه‌ریكییه‌كان هیوایه‌كی زۆریان پێی هه‌بوو، كه‌ ئیتر كۆتایی به‌ جه‌نگ و به‌رده‌وامی ره‌وانه‌كردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ وڵاتانی دووره‌ ده‌ست بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌مووان چاوه‌ڕوانی نه‌بوون، ئه‌وه‌ بوو، كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئۆباما ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا له‌ وڵاتانی تری جیهان زیاتری كرد و ئاڵۆزی و كێشه‌ی زیاتر دروستبوون و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان خرانه‌ نێو جه‌نگه‌كانه‌وه‌. كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكه‌ شه‌ڕخوازه‌كانیش ئه‌مه‌ ئه‌نجام نه‌درا بوو.

بۆ چه‌واشه‌كردنی ڕای گشتی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتان، واشنتن یاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان و دروستكردنی بیانوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كات
دوای ئه‌میش دۆناڵد تره‌مپ كه‌ سوودی له‌ ڕه‌وتی شه‌ڕخوازان و تووڕه‌كان وه‌رگرت و بوو به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌هۆی پشتیوانی شه‌ڕخوازان و جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی جه‌نگ له‌ بوونی به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كانی گه‌یانده‌ سنوورێك كه‌ ئیتر هه‌رگیز پێشبینی و باوه‌ڕی پێ نه‌ده‌كرا. ئه‌و له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی ئۆباما ڕۆیشت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توندڕه‌وانه‌ تر و زۆر خێراتر له‌وه‌ی كه‌ ئۆباما له‌ هه‌شت ساڵی ئه‌نجامی دا.


ئه‌وه‌ی كه‌ جێی سه‌رسامییه‌ به‌رده‌وامی په‌سنی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ ئاشتی و خۆ ناساندنیانه‌ وه‌ك كه‌سانێك كه‌ چاكه‌ی گشتی و جیهانیان ده‌وێت، له‌ كاتێكدا هه‌موو ڕاستییه‌كان ئاشكران، ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆكه‌كان له‌سه‌ری ده‌ڕۆن، هیچ گۆڕانكارییه‌كی تێدا نه‌كراوه‌ و ناكرێ، به‌ڵكو ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا و ڕه‌وانه‌كردنی سه‌ربازه‌كانی بۆ ده‌ره‌وه‌ و به‌رده‌وامیدان به‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی نه‌یاری ئه‌مه‌ریكا له‌ جیهان و جووڵه‌كردنی هێز و پاشه‌كشه‌ پێكردن و دواتر گه‌ڕاندنه‌وه‌ و جارێكی تر كشانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌مه‌ یارییه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا.


به‌ ڕوانین له‌و ستراتیجه‌ی واشنتن، ده‌كرێ بگه‌ین به‌و باوه‌ڕ و پێوه‌ره‌ی كه‌ هیچ كاتێك ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێ جه‌نگه‌كان كۆتاییان بێ و واشنتن جیهانێكی دروست كردووه‌، كه‌ پڕاو پڕ بێ له‌ جه‌نگ.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©