بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوێکی مرۆیی نەخۆشی کەڕووی ڕەش هەڕەشە لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەیان توشبووی نەخۆشییەکە تۆمارکراون و سێ لە نەخۆشەکانیش چاویان لەدەستداوە.   

لە ڕاپۆرتێکدا ڕێکخراوی هەنگاو مافی مرۆڤی هەنگاو (دووشەممە 13ی ئەیلولی 2021) ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نەخۆشی "کەڕووی ڕەش" لە شاری سنە بڵاوبووەتەوە و نەبوونی دەرمان لە دەرمانخانەکان یەکێک لە کێشە گەورەکانی تایبەت بەم حاڵەتەیە و خەڵک ناتوانن دەرمانی ئەم نەخۆشییە دەست بخەن.   

ئەگەرچی سەرچاوە حکومییەکان دەڵێن، نۆ حاڵەتی توشبوون بەو نەخۆشییە لە شاری سنە تۆمارکراوە، بەڵام ڕێکخراوەکە لە زاری دوو سەرچاوە لە نەخۆشخانەکانی "کەوسەر" و"تەوحید"ـوە بڵاویکردووەتەوە، " تەنها لەو دوو نەخۆشخانەیە 51 نەخۆشی کەڕووی ڕەش خەوێندراون."   

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم سێ کەس لە نەخۆشەکان چاویان لەدەستداوە، لە دوایین حاڵەتیشدا ژنێک بە ناوی "وەسەت عەبدولمەلەکی فەهد" بووە کە دوای لە دەستدانی چاوی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری تاران.  

بە وتەی یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی "کەوسەر"، ئەم نەخۆشخانە تەنها یەک ڕۆژ دەرمانی تایبەت بە کەڕووی ڕەشیان هەبووە و لە ئێستا نەخۆشەکان هیچ دەرمانێکی تایبەت وەرناگرن و تەنها لە نەخۆشخانە ڕاگیراون و دەرمانی تایبەت لە هیچکام لە نەخۆشخانەکان دەست ناکەوێت و ئەم حاڵەتەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی پزیشکەکانی نەخۆشخانە.  

یەکێک لە کەسوکاری ئەو نەخۆشانە کە ژێرچاوەدێری پزیشکیدایە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، "بەداخەوە دەرمانی کەڕووی ڕەش لە نەخۆشخانە دەست ناکەوێت و لە بازاڕی ڕەش ئەم دەرمانە دەست دەکەوێت کە بۆ رێژەی یەک رۆژ دەرمان بڕی 42 ملیۆن تمەن پارە پێویستە".  

کەڕووی ڕەش یەکێکە لە نەخۆشییە مەترسیدارە نەگوازراوەکان کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرەی سەندووە. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©