لە ئاکامی کەوتنەوەی ئاگر لە گوندەوارەکانی شاری مالاگای ناوچەی ئەندەلوسی باشووری ئیسپانیا کە ماوەی پێنج رۆژە بەردەوامە، رووبەری شەش ھەزار ھێکتار زەوی زیانی بەرکەوت و زیاتر لە ھەزار و ٦٠٠ کەس ماڵەکانیان چۆلکردووە.


بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە دامەزراوە ئەمنییەکانی سەربە حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری ئەندەلوس و مەلاگا کە بەشدارییان لە کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا کردووە، رووداوی ئاگرکەوتنەوەکان لە رۆژی چوارشەممە ٨ی ئەیلوول دەستی پێکردووە و تا ئێستا رووبەری شەش ھەزار ھێکتار بوونەتە خەڵوز.


ھاوکات شەش ناوەندی نێشەجێبوون لە کەناری چیای بەرمەجا کە کاریگەری ئاگرەکەیان کەوتووەتە سەر، چۆلکراون و زیاتر لە ھەزار ٦٠٠ کەسیش بە ناچاری ماڵ و حالی خۆیان جێھێشتووە.


راشگەیەندرا کە لە پاڵ سوپای ئەو وڵاتە، ٤١ فڕۆکە، ٢٥ ئۆتۆمبێل و زیاتر لە ٣٦٠ کارمەند بەشداریی لە کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا دەکەن.


لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسان سێ رێگای سەرەکیان لە دەوروبەری مەلاگا بە شێوەیەکی سنووردار داخستووە و ھۆشداریان داوەتە خەڵک کە ئەگەر زۆر پێویست نەبێ گەشت بۆ ناوچەکە نەکەن .

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©