لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەی کەسنەزان دیوار بەسەر چوار منداڵدا رووخا و بەهۆیەوە دووانیان گیانیان لەدەستدا، دووی دیکەش برینداربوون. 

منداڵەکان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، کەسوکارەکەیان دوای رووداوەکە شین دەگێڕن و دەگرین، منداڵەکان بەهۆی رووخانی دیواری حەوشەی دراوسێکەیان گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

نەسرین دایکی دوو لە منداڵەکانە، یەکێک لە منداڵەکانی مردووە و ئەوەی دیکەش بە سەختی برینداربووە. نەسرین بە رووداوی راگەیاند "پێشتر زۆر ئاگادارم کردبوونەوە لەو شوێنە یاریی نەکەن، بەڵام بەداخەوە یەکێک لە منداڵەکانم مرد و ئەوەی دیکەش لە نەخۆشخانەیە و چارەسەر وەردەگرێت."

رووداوەکە کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 11-09-2021 لە کەسنەزان روویداوە. 

حەیدەر مستەفا تەمەن 3 ساڵ و هێلین مەزڵووم تەمەن 5 ساڵ گیانیان لەدەستداوە، نەسرین مەزڵوومی تەمەن 8 ساڵ و رەهەف خەلیلی تەمەن 4 ساڵان برینداربوون. منداڵەکان هی سێ بران و خزمی یەکدین.

یەکێک لە بریندارەکان رانی شکاوە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە، ئەوەی دیکەش لە دوای وەرگرتنی چارەسەری گەڕێنراوەتەوە ماڵەوە.

مامی منداڵەکان دەڵێت، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بە دراوسێکەیان گوتووە کە دیواری نێوانیان مەترسیی رووخانی لەسەرە و پێویستی بە چاککردنەوەیە، بەڵام کرێچییەکە رازیی نەبووە بە تێکدانی دیوارەکە.

ئەحمەد، مامی منداڵەکان دەڵێت، "دراوسێکەمان نەیهێشت دیوارەکە بڕووخێنین، پشتی دیوارەکەش باخچەیە و بەردەوام ئاوی لەسەر بووە." 

تەرمی دوو منداڵەکە لە گۆڕستانی کەسنەزان بە خاکسپێردران، ئەم خێزانە 7 ساڵە لە هەولێر نیشتەجێن و خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©