سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئەگەری شەڕ لە نێوان وڵاتەکەی و رووسیادا هەیە، هەروەها گوتیشی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا پچڕاون، ئەوەش بەهۆی شەڕوپێکدادانی بەردەوامی نێوانیان لە ساڵی  2014ەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لە کۆنفرانسی ستراتیژیی "یەڵتا" و لەبارەی ئەگەری روودانی شەڕ لەگەڵ رووسیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین گوتی، "بەڵێ، دەکرێ ئەوە رووبدات".

لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، زێلێنسکی گوتی، ئەوە دەکەوێتەوە سەر خواستی پووتین.

لە وەڵامی ئەم گوتانەی سەرۆکی ئۆکراینادا دێمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا گوتی، مۆسکۆ لە نایەوێت "کارەسات" رووبدات. 

لە ساڵی 2015 بە نێوەندگیریی فەرەنسا و ئەڵمانیا توانرا شەڕی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بوەستێندرێت، بەڵام پێکدادانی ناوە ناوە هەیە و هەوڵەکانی سەقامگیریی سیاسیش وەستاون. 

لە ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 14 هەزار کەس لە شەڕی نێوان ئۆکراینا و هێزەکانی نزیک لە رووسیادا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کوژراون.

لە چەند مانگی رابردوودا زیادبوونی سوپای رووسیا لە نزیک سنوور بووەهۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لەلایەن ئۆکراین و وڵاتە رۆژئاواییەکانەوە و ترسی ئەوەی دروستکرد شەڕ هەڵبگیرسێتەوە. ئۆکراینا هەموو هەوڵێک دەدات رێگەی بدرێت بچێتە نێو ناتۆ و زێلێنسکیش گوتی، ئۆکراینا بۆ چوونە نێو ناتۆ ئامادەیە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©