عەبدولسەمەد، تەمەن 52 ساڵ، خاوەن کتێبخانەیە لە کابولی ئەفغانستان، باسی رۆژە رەشەکانی کاتی رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر و رۆژانی دواتر و دەستوەردانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەکات.

عەبدولسەمەد کە دانیشتووی کابوولە دەڵێت: "نزیکەی دوو رۆژ لەدوای رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر من رۆژنامەی زەربی موئمنینم لە رۆژنامەفرۆشەکان کڕی و تێیدا باسی لە نیازی ئەمریکا بۆ داگیرکردنی ئەفغانستان کرد".

عەبدولسەمەد رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت کە وەک رزگارکەر مامەڵەی نەکردووە و دەڵێت: "ئەوە ساختەکارییەک بوو لەلایەن ئەمریکاوە چونکە ئەوان هیچ شتێكیان لەوەی کە گوتیان جێبەجێنەکرد. باسیان لە رزگارکردن کرد لەکاتێکدا هاتن و خاکی ئەفغانستانیان داگیرکرد، ئەوە هەر لە سەرەتاوە جێگەی پەسەندکردنی خەڵکی ئەفغانستان نەبوو".

11ی سێپتەمبەری 2001، ئەو پریشکەیە بوو کە ئاگری بەڕووی تاڵیباندا کردەوە و سەرەتای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتە 6 ساڵەکەیان بوو.

قیامودین کە دانیشتووی کابوولە و پیشەی ئاسنگەرە دەڵێت: "خەڵک وایاندەزانی بە هاتنی ئەمریکا مافەکانمان پارێزراو دەبن بەڵام لەڕاستیدا ئەمریکا ئێرەی تێکدا. خەڵک وێران بوو و ئەفغانستانیان پارچە پارچە کرد. ئەو خەڵکەی کە لەسەردەمی تاڵیباندا بەرەو وڵاتانی دەرەوە وەک پاکستان و ئێران هەڵاتن  و بوونە پەنابەر، بە هاتنی ئەمریکا گەشبین بوون، بەڵام نەیانزانی ئەمریکا دەکشێتەوە و تووشی کێشەی قورستر دەبن".

زیاتر لە 3 ملیۆن ئەفغانی لە شەڕوپێکدادان، هەژاری، نەخۆشی لە وڵاتانی دراوسێیان بوونەتە پەنابەر، زۆربەیان لە پاکستان و ئێرانن؛ بەشێکی بەرچاویان لەدوای کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە، گەڕانەوە وڵاتەکەیان.

کوئاند ئاغا، دانیشتووی کابوول دەڵێت: "لە رۆژی 11ی سێپتەمبەردا من لە شاری جەلالئاباد بووم، دوای یەک مانگ و نیو ئەمریکا هاتە ئەفغانستان و ئێمەش بەرەو پاکستان هەڵاتین، بەڵام دواتر گەڕاینەوە و بینیمان بارودۆخ جێگیرە و ژیانی خەڵک باشتر بووە".

ئەمریکا لەلایەن خۆیەوە باس لە خەرجکردنی زیاتر لە 2 ترلیۆن دۆلار لە ماوەی 20 ساڵ مانەوەی لە ئەفغانستان دەکات.

حەمید دانیشتووی کابوول پێیوایە هاتن و دەرچوونی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان خەڵکی وڵاتەکەی تووشی کێشە کردووە و دەڵێت: "راستییەکەی لەو کاتەی کە ئەمریکا هاتە ئەفغانستان لە 2001 تاوەکو ئەمساڵ کە کشانەوە، هیچ شتێکی باشیان نەکرد و بە رۆیشتنیشیان بارودۆخەکەیان خراپتر کرد و هەموو کەسێکیان تووشی نەهامەتی، هەژاری و ئاوارەیی کرد. نەهاتنیان بە بەرپرسیارانە بوو نە کشانەوەشیان".

لەگەڵ ئەو هەموو رەخنانەی کە ئاراستەی ئەمریکا دەکرێن، هێشتا بەرپرسانی ئەو وڵاتە چوونیان بۆ ئەفغانستان بە ئەرکی جیهانی ئەمریکا بۆ رزگارکردنی خەڵک لە ستەم ناودەبەن و چوونەدەرەوەشیان بە رێکخراوترین و خێراترین کشانەوە لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی دادەنێن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©