لە ئەنجامی خۆپێشاندان دژی بزووتنەوەی تاڵیبان لە هیرات، دوو کەس بە گوللـە کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون.

لەم چەند رۆژی دواییدا، لە کابوول، هیرات و مەزار شەریف خۆپێشاندان ئەنجامدرا. بە تایبەتی لە دژی تاڵیبان بەهۆی هێرشکردنە سەر پەنجشیر و دەستوەردانی پاکستان لە کاروباری نێوخۆی و هاوکاریکردنی تاڵیبان لە هێرشەکەیدا. 

بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان و گوتەی شایەتحاڵان، رۆژی سێشەممە 07-09-2021، کۆمەڵێک لە ژنانی ئەفغانستان لە کابوول خۆپێشاندانیان لە دژی پاکستان ئەنجامدا، ئەوەش بووە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک رۆژنامەڤانی ئەفغانی کە رووماڵی خۆپێشاندانەکەیان دەکرد. 

خۆپێشاندەرەکان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی پاکستان گردبوونەوە و سەرکۆنەی پاکستانیان کرد بە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئەفغانستان، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی تاڵیبان لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە دژبەرەکانی تاڵیبان لە ویلایەتی پەنجشیر. 

خۆپێشاندەران بەنێو شەقامەکاندا و لە نزیک باڵیۆزخانەی پاکستان رێپێوانیان ئەنجامدا، پۆستەریان هەڵگرتبوو و درووشمیان لە دژی پاکستان دەگوتەوە. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©