راپۆرتێكی شرۆڤەكارانی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە ناونیشانی "چەكە زۆر خێراكان"، ئاشكرای دەكات كە رووسیا و چین لەبارەی چەكە خێراترەكان لە دەنگ لە پێش ئەمەریكایان داوەتەوە، ئەو چەكە مووشەك و فڕۆكە و كەشتی ژێرئاویش دەگرێتەوە، كە بە چەكی جەنگەكانی دواڕۆژ دەناسرێن.


راپۆرتەكە بە هاوكاری بەشی پەرەپێدانی چەك لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا مانگی رابردوو پێشكەیش كراوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەمەریكا لە پەرەپێدانی ئەو جۆرە چەكانە بە بەراورد بە ركابەركانی لە بەرهەمهێنەرانی چەك، دوا كەوتووە، رەنگە بۆ هەندێك ئەو قسانە زیدەڕۆییان تیادایە، چونكە ئەمەریكا لە توانا و چەكەكانییەوە لەپێشەوەی سوپاكانی دنیایە، بەڵام لێرەدا باسی چەكی خێراتر لە دەنگ دەكرێت، كاتێك راپۆرتەكەی كۆنگرێس بە روونی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات رووسیا و چین لەو بوارەدا پێش ئەمەریكا كەوتوونەتەوە.
رووسیا لە 2015ەوە سوود لە خاكی سووریا دەبینێت بۆ تاقیكردنەوەی چەكە تۆقێنەرەكانی
لە 2021 پنتاگۆن داوای 3.2 ملیار دۆلاری كرد بۆ پەرەپێدانی چەكی خێر اتر لە دەنگ، بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوو ئەو بڕە 18.8% زیاد بكات، بەڵام ئەو پارە بۆ پەرەپێدان و توێژینەوە، لەوكاتەی ئێستە هیچ چەكێكی لەو جۆرەی نییە و بڕیارە بەرنامەی ئەمەریكا بۆ پەرەپێدانی چەكی خێراتر لە دەنگ لە 2024 تەواو بێت و لە 2025 هێزی دەریاوانی ئەمەریكا یەكەم تۆپی خێراتر لە دەنگی بەدەست بگات، هێزی ئاسمانی ئەمەریكایش لە 2022 مووشەكی خێراتر لە دەنگی لە جۆری " AGM-183"ی بەدەست دەگات.


شرۆڤەكارانی كۆنگرێس لە باسی پەرەسەندنی گەورەی چەكی خێراتر لە دەنگی رووسیا یان ناسراو بە چەكی دواڕۆژ، دەڵێن، رووسیا دوو جۆر مووشەكی خێراتر لە دەنگی خستووەتە بەكارهێنانی سەربازییەوە، ئەوانیش مووشەكەكانی "كینجال"، كە فڕۆكەكانی جۆری "مێك=31"، بەكاری دێنن و مووشەكی "ئەڤانگارد"، خاوەن كڵاوەی جەنگی كە بە چەندان جار زیاتر لە خێرایی دەنگ ئامانجەكانی دەپێكێت، دوای جیابوونەوە  یان لە مووشەكەكەوە، كاتێك "كینجال"، لە 2017 تاقی كراوەتەوە و مووشەكی "زركون"ی رووسی خێراتر لە دەنگ كە لە 2019دا تاقی كراوەتەوە و لە 2021 وەزارەتی بەرگری رووسیا گرێبەستی رادەستكردنی واژوو كرد. راپۆرتەكانیش ئاماژە دەكەن كە رووسیا لە 2015ەوە سوود لە خاكی سووریا دەبینێ بۆ تاقیكردنەوەی چەكە تۆقێنەرەكانی، لەوانەیش مووشەكی خێراتر لە دەنگ. 


رەنگە ئەوەی مایەی نیگەرانی بێت و راپۆرتەكەی كۆنگرێس باسی كردووە، پەرەپێدانی ئەو موشەكانەیە كە توانای هەڵكرتنی كڵاوەی ئەتۆمیان هەیە، بكرێنە خێراتر لە دەنگ، راپۆرتەكە دەڵێت، لەبەر زۆر هۆكارەوە، پەرەپێدانی چەكی لە دەنگ خێراتر لە ئەمەریكا كۆتی بەهێزی لەسەر بووە، بەڵام پێ دەچێت ئەو حاڵەتە بەهۆی خواستەكانی رووسیا و چینەوە گۆڕابێت، كاتێك هەریەك لە پنتاگۆن و كۆنگرێس كۆكن لەسەر خێراكردنی پەرەپێدانی ئەو جۆرە چەكانە لە ماوەیەكی نزیكدا، بەهۆی پەرەسەندنی گەورەی مۆسكۆ و پەكین بۆ ئەو جۆرە چەكانە، كاتێك هەردووكیان چەندان بەرنامەی چەكی خێراتر لە دەنگیان پەرە پێ داوە و زریپۆشی وایان دروست كردووە كە مووشەكی خێراتر لە دنگیان هەڵگرتووە كە كڵاوەی ئەتۆمیان لەسەرە. 


ئێستە هێزەكانی ئەمەریكا ئەو جۆرە چەكانەیان نییە كە بتوانن كڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرن، ئەوەیش وا پێویست دەكات پەلە لە هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بكرێت، بەر لە لەدەستچوونی كات، بۆیە ئەوە گۆڕانكارییەكی گەورەیە لە بیركردنەوەی سەربازی ئەمەریكا، راستە لە سەرەتای سەدەی 21 هەوڵی پەرەپێدانی چەكی خێراتر لە دەنگ دراوە، بەڵام رەخنەی زۆری ئاراستە كرا بەهۆی زۆری تێچووەكەیەوە و پێویست نەبوونییەوە، بەهۆی پێشڕەوی گەورەی سوپای ئەمەریكا لە دنیادا. 




ئەوەی زەنگی مەترسی لای سوپای ئەمەریكا لێ دا و وای كرد دەست بۆ گەیشتنەوە بە رووسیا و چین بكات بەر لە لەدەستچوونی كات، فرەوانكردنی بەرنامەی پەرەپێدانی چەكی خێرات لە دەنگ بوو لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە، بەتایبەتی مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی، كە دەتوانرێت لە رێگەی فڕۆكە و كەشتی دەریایی و ژێردەریایی و زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی ئاساییش بێتە هاویشتن.


بابەتی دروستبوونی كێبەركێی پەرەپێدانی چەكی خێراتر لە دەنگ لەبەر چەند هۆكارێكەوە مەترسیدار و جێی نیگەرانییە، لەلایەك ئەو چەكانە وێرانكاری گەورە و زیانی زۆری گیانی دروست دەكەن، لە حاڵەتی مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی مەترسی و زیانەكان زۆر زیاتر دەبن، ئەوە وای كرد راپۆرتەكەی كۆنگریش داوا لە ئیدارەی ئەمەریكا بكات گفتوگۆ لەبارەی ئەو جۆرە چەك دەستی پێ بكرێت، بۆ رێگرتن لە دروستبوونی كێبەركێ و لەدەست دەرچوونی، یان كەوتنی بەدەست وڵاتانی سەركێش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©