وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا بە جیا دەگەنە کەنداو و لەگەڵ بەرپرسانی ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمانیان لە ناوچەکە کۆدەبنەوە. 

ئامانج لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بریتییە لە دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو کە بڕیاری جۆ بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەفغانستان و سەرنجی زیاتری واشنتن لەسەر چین و رووسیا بەواتای ئەوە نایەت کە ئەمریکا دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت. 

بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ کەنداو دەچێتە قەتەر و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریش سەردانی هەریەکە لە سعودیە، قەتەر، بەحرێن و کوێت دەکات. 

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی هەردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتەکەیان پرسی ئەفغانستان و دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەبێت لە ناوچەکەدا کە پێکەوەکارکردنیان بەردەوام دەبێت، بەڵام هیچ کام لەو دوو وەزیرە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان کۆنابنەوە. 

ئەنتۆنی بلینکن دوای قەتەر سەردانی ئەڵمانیا دەکات و لەگەڵ هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و دواتریش پێکەوە میوانداری کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوە لەبارەی ئەفغانستان دەکەن. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەر لە ئەڵمانیا سەردانی بنکەی ئاسمانیی رامشتین دەکات کە ژمارەیەکی زۆر ئەفغانستانی تێدایە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن رێکارەکانیان تەواوبن و بگوازرێنەوە ئەمریکا.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©