زەبیحوڵڵا موجاهید، ووتەبێژی میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان رایگەیاند؛ ویلایەتی پەنجشیر بە تەواوی کۆنترۆڵکرا و ئێستا ویلایەتەکە لەژێر کۆنترۆڵی میرنشینی ئیسلامیدایە.

زەبیحوڵا موجاهید لە هەژماری خۆی لە تویتەر راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕەکەی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە " لە پەنجشیر ژمارەیەک لە یاخیبووەکان کوژران، ژمارەیەکیشیان رایانکرد".

موجاهید دڵنیایی دەداتە خەڵکی پەنجشیر کە تاڵیبان بە یەک چاو سەیری خەڵكەکەی دەکات و جیاوازیان لەنێواندا ناکات. هەروەها رایگەیاندووە: "بەم سەرکەوتنە وڵاتەکەمان لە گێژاوی شەڕ هێنایە دەرەوە، خەڵکیش ژیانێکی ئازاد، سەربەخۆ و ئارامیان دەبێت".

لە 48 کاژێری رابردوو شەڕێکی سەخت لەنێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و چەکدارانی ناسراو بە "بەرەی بەرخۆدانی نیشتمانی" بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد مەسعود هەبوو.

پەنجشیر ناوچەیەکی شاخاویی سەختە، دەکەوێتە باکووری کابوولی پایتەختی ئەفغانستان، لە هەشتاکاندا گرووپێکی چەکدار بەناوی موجاهیدین بەسەرکردایەتیی ئەحمەد شا مەسعود شەڕی یەکێتی سۆڤیەتیان کرد و نەیانهێشت ناوچەکەیان کۆنترۆڵ بکرێت، لە نەوەتەکانیشدا ئەو چەکدارانە لەژێر ناوی "بەرەی بەرگریی نیشتمانی" شەڕی تاڵیبانیان کرد و رێگەیان نەدا ئەو ناوچەیە بکەوێتە ژێر دەستی تاڵیبان.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©