بە فەرمانی شازادەی جێنشینی سعودیە، بارەگای سەرەکیی کەناڵە هەواڵییەکانی وڵاتەکەی لە دوبەی-ی ئیماراتەوە دەگوازرێنەوە ریازی پایتەخت و ئەوەش بە چەند قۆناخێک دەبێت.

دوو کەس لە ستافەکانی هەریەکە لە کەناڵەکانی ئەلحەدەس و ئەلعەرەبیە، کە لەژێر یەک چەتردا کار دەکەن، ئاماژەیان بەوە کردووە، پێیان راگەیێندراوە کە شوێنی کارکردنەکەیان لە دوبەیەوە دەگوازرێتەوە ریاز و ئەوەش بە چەند قۆناخێک دەبێت.

ئەو دوو کەسە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، باسیان لەوەش کردووە، بڕیارە تاوەکو سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2022 کەناڵەکان 12 کاژێر پرۆگرامی هەواڵی لە پایتەختی سعودیەوە بکەن.

هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئیدارەی کەناڵەکان دڵنیاییان داوە بە کارمەندەکانیان، لە کار ناوەستن و بە پرۆسەیەک ستافەکان دەگوازنەوە.

تاوەکو ئێستا کەناڵەکانی ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەس هیچ زانیارییەکیان لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ماوەیەکی زۆرە سعودیە گوشار لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکات تاوەکو پێش دەستپێکی ساڵی 2024 لقی سەرەکییان ببەنە ئەو وڵاتە، ئەگەرنا دەرفەتی کارکردنیان لە سعودیە لەدەستدەدەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە "شاری میدیایی دوبەی" بووەتە شوێنی هەندێک لە گەورەترین کۆمپانیا هەواڵییەکانی ناوچەکە.

سام بارنێت، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە گرووپی کەناڵەکانی MBC، کە گەورەترین تۆڕی میدیاییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت، کۆمپانیاکەیان پلانی هەیە باڵەخانەیەک لە ریاز بکاتەوە کە دەبێتە نووسینگەی سەرەکییان.

بەپێی راگەیێندراوێکی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سعودیە کە لە مانگی شوبات بڵاویکردووەتەوە، مەبەست لەو کارە سنووردارکردنی "بەهەدەردانی ئابووری" و رەخساندنی هەلی کاری زیاترە.

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پلانی داناوە وڵاتەکەی بکاتە ناوەندێکی جیهانی و رکابەریی دوبەی بکات کە ئێستا ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©