ئایا لەڕووی زانستییەوە بەکارھێنانی ستیڕۆیدەکان بۆ قەڵەوبوون و لەشجوانی رێگەپێدراوە؟

کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان لە زانستی دەرمانسازیدا بۆ نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ھەوکردن و هەستەوەری بەکاردەھێنرێن، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکیش (FDA) تەنھا بۆ ئەو مەبەستە پشتگیری لە بەکارھێنانیان دەکات.

ھیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە کە پیشانیبدات کۆرتیکۆستیرۆیدەکان بۆ قەڵەوبوون سەلامەتن، کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان ئاو و چەوری لە ھەندێک شوێنی جەستە وەک ران، پەلەکان و رووخسار کۆدەکەنەوە، ئەمەش بەرەنجامی زیانەکانیانە، لە دەرمانزانیدا پێی دەگووترێت کاریگەریی لاوەکی.

ئەگەر کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەکاربھێنرێن، زیانی زۆری بۆ تەندروستیی بەکارھێنەرەکە دەبێت، چونکە دەبنەھۆی بەرزەپەستانی خوێن، کۆنیشانەی کوشینگ، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی گەدە و ریخۆڵەکان، هەوکردنی پەنکریاس، کپکردنی فرمانی مۆخی ئێسک و بەرگریی لەش، گلوکۆما، نەخۆشیی شەکرە، پوکانەوەی ئێسکەکان، ئاوسانی پەلەکان و رووخسار، نەخۆشیی پەرکەم و نەخۆشییە دەروونییەکان. باوترین ئەو کۆرتیکۆستیڕۆیدەی کە بە نازانستی بۆ قەڵەوبوون بەکاردەھێنرێت شڕوب یان حەبی دیگزامیتازۆنە.

ئەو بەرهەمانەی رۆژانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ قەڵەوکردنی رووخسار و جەستە ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەرهەمی ساختەن و بە نایاسایی هاوردەی وڵات کراون، بەپێی زۆربەی راپۆرتە تاقیگەییەکان کە لەسەرانسەری دنیادا کراون دەریدەخەن ئەو جۆرە بەرهەمانە ماددەی شاراوەی کۆرتیکۆستیڕۆیدیان تێدایە، کە بەکارهێنەر دوای ماوەیەک لە بەکارهێنان، بەشێوەیەکی کاتی جەستە و رووخساری قەڵەودەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا کاریگەرییەکە بەردەوامنابێت و زیانە مەترسیدارەکان دەردەکەون.

بەکارهێنانی ستیڕۆیدەکان بۆ لەشجوانی

سێکس ستیڕۆیدی رەگەزی نێر (تێستۆستیڕۆن) بە نازانستی و نایاسایی بە شێوەی دەرمانسازیی دەرزی یان حەب لەلایەن هەندێک وەرزشەوانانی بەرزکردنەوەی قورسایی بۆ لەشجوانیی بەکاردەهێنرێت.

تێستۆستیڕۆن بە شێوەیەکی ئاسایی لە رەگەزی نێردا بە بڕێکی زۆر و لە رەگەزی مێیینەشدا بە بڕێکی کەم هەیە، لە کیمیای ژیانیدا تێستۆستیڕۆن بە ستیڕۆیدی پێکهێنەرەکردار دادەنرێت، لە رووی فرمانیزانییەوە تێستۆستیڕۆن گرنگی زۆری هەیە بۆ دەرکەوتنی تایبەتمەندییە دووەمییەکانی رەگەزی نێرینە، پێگەیشتن، زیادکردنی رێژەی خوێن، گەشەکردن و بەهێزبوونی ماسولکەکان و ئێسکەکان.

لە زانستیی دەرمانسازیدا تێستۆستیڕۆن بە شێوەی جیاواز وەک دەرزی و حەب دادەڕێژرێت. هەروەها تێستۆستیڕۆن بە گەردی (مۆڵیکیول) جیاواز هەیە کە ژەم و بەکارهێنانیان جیاوازە. جۆرەکانی تێستۆستیڕۆن بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی دواکەوتنی تایبەتمەندییە دووەمییەکانی رەگەزی نێرینە، کەمخوێنی، پووکانەوەی ئێسکەکان، شێرپەنجەی مەمک، لاوازیی پەیوەست بە نەشتەرگەری، برینداری، هەوکردنی مایکڕۆبی و دابەزینی کێش- هۆکار نادیار.

بەکارهێنانی جۆرەکانی تێستۆستیڕۆن بەبێ رەچەتە یان بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی لەشجوانی کارێکی نازانستی و نایاساییە، مەترسیی زۆر لەسەر بەکارهێنەر دروستدەکات، چونکە دەبنەهۆی ناڕێکیی هۆڕمۆنەکان، تێکدانی سیستمی هۆڕمۆنی ژێرمێشکەرژێن، پوکانەوەی گون، لاوازیی سێکسی، کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسکردن، گەورەبوونی مەمک، شێرپەنجەی پڕۆستات و گەورەبوونی رژێنی پڕۆستات، موولێهاتن، زیپکە، رووتانەوەی مووی سەر، رەپبوونی بەئازاری چووک، زۆرخوێنی، بەرزەپەستانی خوێن، زیادکردنی چەوریی زیانبەخش، کەمکردنەوەی چەوریی سودبەخش، گەڕانەوەی ئاو و کانزاکان لە گورچیلەکان و پەنگخواردنی لەناو جەستە، نەخۆشییەکانی دڵ، خوێنمەیین لەناو خوێنهێنەرە قوڵەکانی جەستە.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©