بەبێ بەشدارى ژنان و بەرپرسانى حکومەتى پێشوو، لەچەند رۆژى داهاتودا بزوتنەوەى تاڵیبان کابینەى حکومەتى نوێى ئەفغانستان رادەگەیەنێت.

شێر محەمەد عەباس، جێگرى بەرپرسى مەکتەبى سیاسیى بزوتنەوەى تاڵیبان لە قەتەر بە بى بى سى رایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکومەتێکی نوێ بە فەرمی لە ئەفغانستان ڕادەگەیەنرێت و هەموو هۆزەکانی ئەو وڵاتە بەشدار دەبن تێیدا.

بە وتەى ئەو بەرپرسەى بزوتنەوەى تاڵیبان، بەرپرسانى حکومەتى پێشوى ئەفغانستان لە حکومەتى نوێدا هیچ رۆڵیکیان پێ نەدراوە، لە کابینەکەشدا هیچ وەزیرێکى ژنى تێدا نیە، بەڵام لە چوارچێوەى یاساى شەرعدا رێگە بە ژنان دەدرێت لە دامەزراوەکانى حکومەتدا کاربکەن.

جێگرى بەرپرسى مەکتەبى سیاسیى بزوتنەوەى تاڵیبان لە قەتەر ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، دەیانەوێت حکومەتێک پێکبهێنن کە لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات پشتیوانى لێبکرێت.

ئەوەش دواى تێپەڕبوونى (17) رۆژ بەسەر رووخانى حکومەتى پێشووى ئەفغانستاندا دێت، پاش ئەوەى لە (15) مانگى رابردوو بزوتنەوەى تاڵیبان کابوڵى پایتەختى ئەو وڵاتەى کۆنتڕۆڵ کرد.  

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©