بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسە میدیاییەکان، لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئەشرەف غەنی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، پێشبینیی ئەوە نەکراوە کە بزووتنەوەی تاڵیبان بە شێوەیەکی خێرا کۆنترۆڵی تەواوی ئەفغانستان بکات.

راپۆرتەکە کە لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرزەوە بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوو سەرۆک باسیان لە یارمەتیی سەربازی، ستراتیجی سیاسی و تاکتیکەکانی گواستنەوەی پەیامەکان کردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، جۆ بایدن و ئەشرەف غەنی 23ی تەممووز بۆ ماوەی 14 خوولەک قسەیان کردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بایدن بە غەنیی گوتووە، "ئەگەر حکومەتی ئەفغانستان پلانێکی روونی هەبێت بۆ دامرکاندنەوەی دۆخی وڵاتەکە، ئەوا ئەمریکا پشتیوانیی ئاسمانییان پێشكێش دەکات".

لە 15ی ئابی 2021، ئەشرەف غەنی کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستانی بەجێهێشت و بزووتنەوەی تاڵیبان چووە نێو کابوولەوە.

چەند رۆژێک پێش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆکانی ئەمریکا و ئەفغانستان، سوپای ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان، هێرشی ئاسمانیی لە دژی تاڵیبان ئەنجامدابوو.

وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا داوای لە ئەشرەف غەنی کردووە، "کەسایەتییە بەهێزەکانی ئەفغانستان لە خۆی کۆبکاتەوە و ستراتیجێکی سەربازی دابنێت و دواتر (جەنگاوەرێک) بکاتە بەرپرس لە جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکە".

بەپێی دەقی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە کە دەست ئەو ئاژانسە کەوتووە، بایدن ستایشی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستانی کردووە و بە سەرۆکی ئەفغانستانی گوتووە، "ئێوە 300 هەزار هێزی پڕچەککراوتان هەیە لە دژی 70 تاوەکو 80 هەزار [چەکداری تاڵیبان] و روونە کە ئەوان توانای شەڕکردنی باشیان هەیە".

چەند هەفتەیەکی کەم دوای ئەو گوتانە، سوپای ئەفغانستان پارێزگا دوای پارێزگای وڵاتەکەی لەدەستدا و تاوەکو 14ی ئاب بزووتنەوەی تاڵیبان گەیشتە نێو کابوول-ی پایتەختی ئەو وڵاتە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©