تا ئێستەیش ئەمەریكا لە چەندان رووەوە پێشەنگی دنیایە، ئەگەرچی بەربەركانییەكی سەختی لەلایەن چین و رووسیاوە دەكرێت، بەڵام تا ئێستە گەورەترین هێزی ئابووری و سەربازی و تەكنۆلۆجییە، دەیان بنكەی سەربازی لە دنیادا هەیە، ئەوەیش مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە بە بەردەوام لە جەنگەوە نزیكە و ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و پاراستنی هاوپەیمانەكان و رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەكانە.


رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، كە یەكێك لە بنكە سەربازییە گەورەكانی ئەمەریكا بەناوی جەنگی تالیبان و داعشەوە لەوێ بوو، چەند بنكەی سەربازی لەو وڵاتە ماوە؟، بەشێك لە خەڵك و شرۆڤەكاران وا سەیری كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان دەكەن كە هەنگاوێكی نەرێنی و شكست بوو بۆ ئەمەریكا و جۆ بایدن، كەچی زۆرێك لە ئەمەریكییەكان وای دەبینن كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و بڕیاری كشانەوە لە عێراق، رەنگدانەوەی وەفاداری هەردوو سەرۆك بایدن و دۆناڵد ترەمپ دەگەیەنێت بە كۆتاهێنان بە دوو جەنگی بێ كۆتایی دژ بە تیرۆر، كە بەر لە 20 ساڵ دەستیان پێ كراوە، ئەگەرچی لە واقیعدا پێ ناچێ جەنگەكانی ئەمەریكا كۆتاییان بێت.


ماڵپەڕی "Responsible Statecraft"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا باسی ژمارە و شوێنی بنكە سەربازییەكانی ئێستەی ئەمەریكا لە دنیا دەكات، كە چ پێوەندییەكەیان بە جەنگی بەردەوامی ئەو وڵاتە لە چەندان ناوچەی دنیادا هەیە، دوای داخستنی سەتان بنكە و سەربازگەی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان، پنتاگۆن رۆڵی هێزەكانی بۆ راوێژكاری و یارمەتیدان دەگۆڕێت، بەتایبەتی لە عێراق، لەوكاتەی سەركردایەتی باڵاكانی خەریكی چڕكردنەوەی گرنگیدانیان بە ئاسیایە، وەك ئامانجێكی جیۆسیاسی بۆ سنووداركردنی تواناكانی چین.
بووەتە ئیمپراتۆریەتی بنكە سەربازییەكان و لە كەنداو تەنیا لە ئێران و یەمەن بنكەی سەربازی نییە
ئەمەریكا دەیەوێ كەمترین بوونی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیادا هەبێت، واتە تەنیا بەرنامەی مەشق و راهێنان و رۆڵی راوێژكاری، راستییەكەی ئەوەیە تا ئەو بنكە و سەربازگانە بەتەواوەتی دانەخرێت، رۆڵی ئیمپراتۆریی ئەمەریكا كۆتایی نایەت، لە 2011ەوە نزیكەی هەزار پێگەی جەنگ و ژمارەیەك بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراق و سۆماڵ داخراون، بەپێی زانیارییەكان 800 بنكەی سەرەكیی سەربازی ئەمەریكا لە 70 دەوڵەتی دنیا و ناوچەدا هەیە، بەپێی ئامارەكانی 2021 ئەو ژمارەیە بۆ 750 بنكەی سەربازی كەم بووەتەوە. 


پنتاگۆن بە بەردەوام هەوڵی داوە هەندێك لە بنكەی سەربازییەكانی بشارێتەوە، بۆیە زانینی ژمارەی راستەقینەی ئەو بنكانە بەتەواوەتی زەحمەتە، هەروەها هەندێك بنكەی سەربازی هەیە پێوەستن بە وڵاتان و وەك بنكەی سەربازی ناناسرێت، بە گشتی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە 81 دەوڵەت و ناوچەی دنیا بڵاوە، جگە لە كیشوەری جەمسەری باشوور نەبێت، بەشێوەیەك تا ئێستە هیچ دەوڵەتێك ئەوەندە بنكە سەربازییەی نییە، بۆیە ئەمەریكا بووەتە ئیمپراتۆریەتی بنكە سەربازییەكان، لە ناوچەی كەنداو تەنیا لە ئێران و یەمەن بنكەی سەربازی ئەمەریكا نییە، كاتێك حەوت بنكە لە عومان و سێ لە ئیمارات و 11 لە سعوودیە و حەوت لە قەتەر و 12 لە بەحرێن و 10 لە كوێت و شەش لە عێراق هەن، ئەوانە هەموویان توانای بەشداریكردنیان لە جەنگ هەیە، لەوانەیش لە كینیا و جیبووتی لە ئەفریقیا.   


بە گشتی هیچ كێشەیەك لەبەردەم دروستكردنی بنكەی سەربازی ئەمەریكا نییە، ئێستە ئەمەریكا بەنیازی بنیاتنانی بنكەی سەربازی نوێیە لە زەریای هێمن بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین، وەك دروستكردنی بنكەیەكی نوێی سەربازی لە دوورگەی گوام و بنكەی نوێ لە دوورگەكانی زەریای هێمن، تا ئێستە خواست نییە بۆ داخستنی بنكە سەربازییەكانی لە دنیا، سەرەڕای داواكاریی داخستنیان لە هەندێك وڵات، مارك میلی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا دەپرسێت ئاخۆ ئەو بنكە سەربازیانە پێویستن بۆ بەرگریكردن لە ئەمەریكا؟، رەنگە وەڵامەكە نەخێر بێت، بەڵام ئەو 750 بنكەی سەربازییەی هەیە، رۆڵی گەورەیان لە جەنگەكانی واشنتن لە دنیادا هەیە، یەتاسیەتس جەنگی نوێی سارد لەگەڵ چین.      

بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ سەپاندنی باڵادەستیی واشنتن بەكار دێت، جیا لە پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیی خۆی و هاوپەیمانەكانی و پاراستنی رێڕەوی گواستنەوەی نەوت و ئیسرائیل، لەپاڵ مەشق و تاقیكردنەوەی چەك و توێژینەوەی زانستی سەربازی، ئەمەریكا بە تەنیا خاوەنی 800 بنكەی سەربازییە لە دنیا، كەچی بەریتانیا و رووسیا و فڕەنسا بەیەكەوە خاوەنی 30 بنكەی سەربازین، بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا 2.3 ملیار پێی سێجایان داگیر كردووە و بەهای دامەزراوەكانیان دەگاتە 749 ملیار دۆلار. خەرجی ساڵانەیان لە نێوان 85 بۆ 100 ملیار دۆلارە، بە زیادكردنی خەرجی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەگاتە 160 بۆ 200 ملیار دۆلاری ساڵانە.


زیاترین بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە ئەوروپا لە ئەڵمانیایە كە 87 بنكەیە، كە سوودی گەورەی داراییان بۆ ئەو وڵاتە هەیە، لە ئاسیا زیاترین بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە ژاپۆنە كە 86 بنكەیە، دوای ئەو كۆریای باشوور 64 بنكەی لێیە، لە ئیتاڵیا 29 بنكەی سەربازی هەیە و لە بەریتانیا هەشت بنكە و لە بەلجیكا نۆ بنكە و لە پورتوگال نۆ بنكە لە دوورگەكانی ئەلبەهاما شەش بنكە و لە بولگاریا چوار بنكە. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©