رووباری پارانا لە ئەرجەنتین پێشتر سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی بەرازیل، پاراگوای و ئەرجەنتین بوو، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە، ساڵ لەدوای ساڵ رووبارەکە بەرەو وشکبوونەوە دەچێت.

مارسێلۆ کاردیناڵی، پسپۆڕی ژینگە دەڵێت، "ئاستی ئاوەکە بەرە بەرە کەمتر دەبێت. ساڵی رابردوو وامانزانی ئاوەکە بۆ ئاستی پێوانەیی دابەزیوە و ناکرێت زیاتر دابەزێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، دەرکەوت ئەمساڵ دۆخەکەی هێشتا خراپتر بووە".

پانێلێ نێودەوڵەتیی کەشوهەواش، باس لەوە دەکات، بەهۆی دەردانی گازە گەرمکەرەکان لە ئەنجامی چالاکیی مرۆڤەوە، تاوەکو ساڵی 2030، پلەی گەرمیی زەوی 1.5 پلەی سیلیزی لە ئاستی پێش قۆناخی پیشەسازی بەرزتر دەبێتەوە، ئەوەش وادەکات، وشکەساڵی، لافاو و ئاگری دارستانەکانیش زیادبن.

زۆرترین گازی گەرمکەر لە جیهاندا لەلایەن پیشەسازییەکانی ئەمریکا و چینەوە دەردەدرێن. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بڕیاریدا تاوەکو ساڵی 2030 دەردانی ئەو گازانە بە رێژەی 50% کەمبکرێنەوە.

ژاپۆنیش، کە پێنجەم گەورەترین سەرچاوەی گازە گەرمکەرەکانە، رازی بووە ئاستی دەردانیان بە رێژەی 46% کەم بکاتەوە.

جۆن کێری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پرسی کەشوهەوا دەڵێت، "ئامادەیی ژاپۆن بۆ گەیشتن بە ئامانجی کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەکان بە رێژەی 46% تاوەکو 50% لە 10 ساڵی داهاتوودا، هاوکارێکی زۆر گرنگە بۆ هەوڵە جیهانییەکان. هەروەها رێگەمان پێدەدات بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە 1.5 پلەدا رابگرین، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگە".

هاوکات چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە تەوەرەکانی ئەمڕۆی کۆڕبەندی ئەوروپی لە شاری ئەلباخی نەمسا کە وەزیری دەرەوەی عێراقیش تێیدا بەشدار دەبێت.

لە تشرینی دووەمی ئەمساڵیشدا، 26ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە شاری گلاسگۆی سکۆتلاند بە بەشداریی سەرکردەی وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©