سەرچاوەیەک  لە وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "دابەشکردنى موچەى مانگى ئاب بەردەوام دەبێت و سبەینێ پێنجشەممە موچەى چەند شوێنێک دابەشدەکرێت".


ئەمڕۆ، موچەی ئەنجومەنى ئاسایش و دەزگای ئاسایش لەگەڵ موچەى خانەنشینانى پێشمەرگە به‌بێ لێبڕین دابه‌شدەکرێت. و وەزارەتی داراییش لیستی موچەی سبەینێی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، سبەی پێنجشەممە موچەی مانگی ئابی "وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەنجومەنی دادوەری، وەزارەتی داد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، وەزارەتی پلادانان، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەستپاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای مین، وەزارەتی خوێندنی باڵا"، بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت.


موچەخۆرانی هەرێم چەندین موچەی بڕاو و پاشەکەوتکراویان لەلای حکومەت هەیە و هێشتا حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ دانەوەی ئەو موچانە.
ئەوە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا حکومەتی هەرێم ئەگەر بەغدا ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە نەنێرێت دەڵێت، "توانای دابەشکردنی موچەمان نییە."


بۆ مانگی ئاب، ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا دواکەوت، راستەوخۆ حکومەت وتی پرۆسەی دابەشکردنی موچە خاودەبێتەوە و داهاتی پێویستیان لەبەردەستدا نییە. لە کاتێکدا، لە ماوەی رابردوودا حکومەت وتبووی، پابەندن بە دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©