ئێران و تالیبان لە توندڕۆیی و ئامرازی مامەڵەكردن هاوشێوەن، بەڵام لە ئایدۆلۆجیا و ئامانجەكانیان لەوپەڕی نەیارین، شارەزایان نایشارنەوە كە یەكێك لە هۆكارەكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كردنەوەی دەرگەیەكی ئاگر بێت بە رووی ئێران، كاتێك ئێران تەواوی رۆژهەڵاتی خۆی تا ئیسرائیل سەرقاڵ كردووە و میلیشیاكانی كۆنترۆلی چوار پایەتەختی ناوچەكە دەكەن، بەڵام ئەمەریكا دەروازەیەكی ناسەقامگیری لە رۆئاوا بۆ واڵا كرد.


دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان و ئەو پەرەسەندنە سیاسی و مەیدانییانەی بەدوای یەكدا هاتن، پێوەندیی نێوان ئێران و تالیبان، یەكێكە لە بابەتە گرنگەكان، شرۆڤەكاران چەند سیناریۆیەك بۆ پێوەندی ئەو دوو وڵاتە دادەنێن، كە سەرەڕای جیاوازیی ئایدۆلۆجی و عەقیدەیی و ململانێی سیاسی نێوانیان، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەری لەسەر ئاستی ناكۆكی و كێبەركێ ئەوان هەبێت، هاوكات هەندێك جار بەرژەوەندییەكان بەسەر جیاوازی ئایدۆلۆجیا زاڵ دەبێت.


د. موسەنا عوبێدی، شارەزای كاروباری نێودەوڵەتی، ئاماژە دەكات كە دەركەوتنەوەی تالیبان و گرتنە دەسەڵاتی لە كابول، بابەتێكی كتوپڕ نییە، بەڵكو پێشینە و ئاماژەی هەبوو، لەوانە لەناو نەچوون و بەردەوامیی بزووتنەوەكە بە درێژیی 20 ساڵی رابردوو، تالیبان بەرە بەرە دەستی بەسەر هەرێمەكانی ئەفغانستاندا گرت و لە 2020 رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریكا كرد، ئەوان ئاماژەی گەڕانەوەی بوون بۆ دەسەڵات و دداننان بە گەڕانەوەی و دەسترۆیشتووی لەناو ئەو وڵاتەدا، رەنگە ئەو بابەتە حیساباتێكی زۆری لەناو مێشكی ئەمەریكییەكاندا هەبێ و كاریگەرییەكەیشی لەسەر ناوچەكە و دنیا دەبێت.
ئێران میلیشیاكانی بە هاوشێوەی عێراق و سووریا و یەمەن دژ بە ئەفغانستان بەكار دێنێت
زیاتر گوتی، ئێران دەیزانی گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات تەنیا پێوەستە بەكات، بۆیە پەنای بۆ كردنەوەی هیڵی پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەكە برد و هەوڵی مێوانداریكردنی گفتوگۆكانی نێوان تالیبان و حكوومەتی ئەفغانستان برد بەر لە رووخانی، ئەوە هاوكات ئێران درك بە ئاستی دژبەیەكیی لەگەڵ تالیبان دەكات، كاتێك هەردووكیان لە رووی ئایدۆلۆجی و ئاینییەوە لەوپەڕی دژ بەیەكی و دوورین لە یەكتر، ئەوەیش وای كرد كە بەمدواییە ئێران 100 هەزار لە هێزەكانی لەسەر سنووری ئەفغانستان بڵاو بكاتەوە. دووپاتی كردەوە كە بوونی ئەمارەتێكی ئیسلامی لە نزیك ئێران، دەبێتە لێچوونی تواناكان و بارگرانی بۆ تاران، بەتایبەتی كاتێك ئێران لە چەندان ململانێ لە ناوچەكە تێوەگلاوە. 


د. مستەفا سەڵاح، توێژەری میسری دەڵێت، سەرانی سوپای پاسداران هێواشی دەنوێنن لە راگەیاندنی دوایین هەڵوێستیان بەرانبەر بە دۆخی سیاسی و مەیدانی لە دوای گەیشتنی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانسان، چونكە هاوكێشە ئیقلیمییەكان و دژبەیەكەكان و ئایدۆلۆجیا و سیاسەت پێوەندی ئەوان دیاری دەكات كە دەبنە دۆست یان نەیار، تاكە خاڵی هاوبەشی ئێران و تالیبان دوژمندارییە بۆ ئەمەریكا، ئەوەیش وا ناكات پێوەندی نێوانیان ئاسایی بێت، چونكە تاران فەیلەقی فاتمیوونی لە شیعەی ئاوارەی ئەفغانستان دروست كردووە و چاوەڕوان دەكرێ لە داهاتوو لەبەرژەوەندی خۆی لە ناو ئەفغانستان بەكاریان بێنێت، جیا لەوە تاران گوشاری توند دەخاتە سەر ناوچە سوننەكان لە بلوجستان و سیستان و ناوچە سنوورییەكانی لەگەڵ ئەفغانستان و پاكستانەوە.  


بەپێی سەنتەری موستەقبەل بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوە، تاران لەبەردەم سێ بژارەیە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ تالیبان و ئەفغانستاندا، یەكەمیان وەرگرتنی هەڵوێستێكی بێ لایەنانە تا كاتی هەڵوێست و سیاسەتەكانی تالیبان بەرانبەر بە تاران دیار دەكەوێت، ئەو سیناریۆیەیش لەسەر ئاستێكی كورتخایەن دەبێت، دوای ئەوە دەكەوێتە بەردەم دوو بژارەی نەرای یان هاوكاری بۆ تالیبان.


سیناریۆی دووەم، جەنگی بەوەكالەتە، كە پێشبینی دەكرێت ئێران میلیشیاكانی بە هاوشێوەی عێراق و سووریا و یەمەن و لبنان بەكاربێنێت، وەك كارتێكی گوشار و هەڕەشە لەبەرانبەر تالیبانەوە، بەتایبەتی ئەگەر تالیبان بووە هەڕەشەی سیاسی و تەناهی و ئابووری بۆ سەری، بۆیە ئێران لیوای فاتمیوون لە سووریا دەباتەوە ئەفغانستان. جیا لە پەنابردنی تاران بۆ میلیشیای "فیداییەكانی بابا مەزاری"، كە ژمارەیان پێنج هەزار كەسە، هەروەها پاڵپشتیكردنی فەرماندە سەربازییەكانی دژ بە تالیبان، وەك ئەحمەد مەسعوودی كوڕی ئەحمەد شا مەسعوود و سەڵاحەدین رەبانی، كوڕی بورهانەدین رەبانی. 


بەپێی سەنتەرەكە سێیەم سیناریۆ دروستبوونی پێوەندییەكی دۆستانە و هاریكارییە، ئەوكات تاران سوود لە هاوكاریكردنی پێشووی بۆ تالیبان لەدژی ئەمەریكا دەبینێت بۆ بنیاتنانی پێوەندییەك لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و چارەسەركردنی خاڵە ناكۆكەكانیان، بەتایبەتی تیرۆر و بزاوە جیاخوازەكان لە هەردوو لا. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©