ماڵپه‌ڕی میدل ئێست ئای به‌ریتانی بابه‌تێكی به‌ ناونیشانی توركیا و تاڵیبان له‌ سه‌رووبه‌ندی ڕێككه‌وتنن له‌باره‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابۆل بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌نكه‌ره‌ گوێ به‌ بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كان نادات، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كوێ ڕێكده‌كه‌وێ و مامه‌ڵه‌ ده‌كات، به‌ڵكو مه‌به‌ستیه‌تی شوێنپێی خۆی له‌ ئه‌فغانستان قایم بكات، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی تاڵیبان خه‌ریكی گفتوگۆیه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ داهاتوویه‌كی نزیك ڕێككه‌وتن واژوو بكات.


ڕێكخراوی تاڵیبان دوای ئه‌وه‌ی بێ شه‌ڕ و رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر زۆرینه‌ی ڕه‌های ناوچه‌كانی ئه‌فغانستاندا گرته‌وه‌، ئێسته‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆی خستووه‌ته‌ گه‌ڕ، تا ددانپێدانانی وڵاتان به‌ده‌ست بهێنێت و هیچ وڵاتێك وه‌ك پێشوو ڕووبه‌ڕووی نه‌بنه‌وه‌ و به‌ ئارامی و بێ فشاری وڵاتان دووباره‌ ڕژێمی ئیسلامی تایبه‌ت به‌خۆی له‌ ئه‌فغانستان جێگیر بكاته‌وه‌، له‌و نێوه‌نده‌یش دا توركیا هه‌موو هه‌وڵی خۆی خستووه‌ته‌ گه‌ڕ، تا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و بازرگانییه‌كانی له‌و وڵاته‌ بپارێزێ، بۆیه‌ ڕۆژ دوای ڕۆژ له‌ تاڵیبان نزیكتر ده‌بێته‌وه‌.


دوو سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت بۆ "میدل ئێست ئای" دووپاتیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ توركیا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و دواتریش قه‌ته‌ڕ به‌ هاوبه‌شی خه‌ریكن له‌گه‌ڵ تاڵیبان له‌سه‌ر به‌كارخستنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كابۆل بگه‌ن به‌ ڕێككه‌وتن، كۆمپانیایه‌كی ته‌ناهی سه‌ر ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی ڕاده‌ست بكرێت، دوای ته‌واوبوونی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایش له‌ ئه‌فغانستان كه‌ 31ی ئه‌م مانگه‌ واده‌كه‌ی ته‌واوی ده‌بێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هاوبه‌شی كه‌ توركیا به‌ پشتیوانی قه‌ته‌ڕ له‌گه‌ل تاڵیبان واژووی كردووه‌ بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌ركۆماری توركیا ده‌یه‌وێ وڵاتانی ناتۆ و ئه‌وروپا به‌و هه‌نگاوه‌ی ڕازی بكات، بۆ ئه‌مه‌یش كارتی گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییانی ئه‌و وڵاتانه‌ و ئه‌و ئه‌فغانیانه‌ی كه‌ كاریان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ناتۆ كردووه‌، به‌ سه‌لامه‌تی بۆ وڵاتانی تر به‌كارده‌هێنێت و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تری ناتۆ له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ی توركیا ڕه‌زامه‌ندی بده‌ن، به‌وشێوه‌یه‌ توركیا له‌گه‌ڵ تاڵیبان مانگی هه‌نگوینی ده‌ست پێ ده‌كات و له‌ په‌نای ئه‌وه‌وه‌یش زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ستراتیجی خۆی له‌و وڵاته‌ ده‌هێنێته‌ دی.


پێشتر توركیا هێزه‌كانی خۆی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كابۆل كشانده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی تاڵیبان شكستی هێنا، تا به‌ ڕێككه‌وتنێك بگه‌ن و دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌خانه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی توركیاوه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ تاڵیبان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ له‌ دوای كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، دووباره‌ هێزه‌كانی توركیا و كۆمپانیای ته‌ناهی توركی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ و ئاسایش و به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌یه‌كیان پێ بدرێت.


ئه‌ردۆغان هه‌ینی ڕابردوو له‌ لێدوانێكدا گوتی، كه‌ تاڵیبان پێشنیازی ڕاده‌ستكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی كابۆلی به‌ هێزه‌كانی توركیا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌ گفتوگۆكان بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌ بپارێزن.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا سه‌رچاوه‌كان باس له‌ ڕه‌شنووسی ڕێككه‌وتنی نێوان تاڵیبان و توركیا ده‌كه‌ن، بۆ نه‌هێشتنی كێشه‌ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م هه‌ردوولا كه‌ چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی له‌خۆگرتووه‌، یه‌كه‌م خاڵی ڕه‌شنووسی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ توركیا به‌ فه‌رمی و ئاشكرا ددان به‌ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان وه‌ك فه‌رمانڕه‌وای شه‌رعی ئه‌فغانستان بنێت.


هاوكات توركیا و قه‌ته‌ڕ به‌ هاوبه‌شی فڕۆكه‌خانه‌ی كابۆل به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و ئه‌نكه‌ره‌ هێزی ئاسایش له‌ ڕێی كۆمپانیای ته‌ناهی كه‌رتی تایبه‌ت و ئه‌و سه‌رباز و پۆلیسانه‌ی پێشووی كه‌ له‌ ئه‌فغانستان بوون، به‌ ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و به‌ جلی مه‌ده‌نی كار ده‌كه‌ن و بۆیان نییه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.


یه‌كێك له‌ گرفته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر حكوومه‌تی له‌كاركه‌وتووی ئه‌فغانستان ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئیماڕاتی عه‌ره‌بی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابۆل به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ئێسته‌یش تاڵیبان به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشوو نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ئیماڕات له‌ ده‌ست ده‌دات، بۆیه‌ به‌ شێنه‌یی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كار ده‌كات.


میل ئێست ئای بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ویستوویه‌تی كه‌ هه‌ڵوێستی تاڵیبان له‌وباره‌وه‌ وه‌ربگرێ و پێوه‌ندی به‌ چه‌ند كه‌سێكی نێو سه‌ركردایه‌تی تاڵیبان كردووه‌، تا له‌وباره‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن، به‌ڵام سه‌رجه‌میان ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ و بیانووی ئه‌وه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ مافی ئه‌وه‌یان پێ نه‌دراوه‌ كه‌ قسه‌ بۆ میدیاكان بكه‌ن.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، زانیارییه‌كان له‌ زووه‌وه‌ باس له‌ پێوه‌ندی نهێنی نێوان تاڵیبان و توركیا ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی تاڵیبان بۆ كابۆل و كۆنتڕۆڵكردنی، كه‌چی تا ئێسته‌ كارمه‌ندانی دیپلۆماسی و ته‌ناهی و ته‌نانه‌ت باڵوێزی توركیایش له‌ نێو باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ له‌ كابۆل ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌ ڕایانكردووه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ تا وڵاته‌كه‌ جێ بهێڵن، نه‌ هێزه‌كانی تاڵیبانیش چوونه‌ته‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌كه‌.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©