گۆڤاری دیفێنسی وه‌نی ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی ململانێ و هه‌وڵه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و چین بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر داگیركردن و كۆنتڕۆڵكردنی مانگ له‌ نێو گه‌ردوون و زاڵبوون به‌سه‌ری دا و بێبه‌شكردنی ئه‌وه‌ی تر له‌ قایمكردنی شوێنپیی خۆی له‌سه‌ر مانگ دا.


له‌ بابه‌ته‌كه‌ هاتووه‌، ململانێكانی په‌كین و واشنتن وه‌ك دوو گه‌وره‌ترین زلهێزی ئابووری و سه‌ربازی له‌ جیهان هه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و بگره‌ ئێسته‌ چین به‌ هاوكاری ڕووسیا ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنی مانگ دژ به‌ ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستنه‌وه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی هیچ یاسا و ڕێسایه‌كیش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ردوون نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ردوو لا به‌ ویستی خۆیان هه‌موو ئامرازێك بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی یه‌كتر به‌كارده‌هێنن.


جیم كۆپه‌ر كۆنگرێسمانی دیموكرات و نوێنه‌ری ویلایه‌تی تێنسی ده‌ڵێ، زۆربه‌ی ئه‌و ڕێسا و په‌یماننامه‌ و عورفانه‌ی بۆ ڕێكخستنی جه‌نگ و ململانێكان له‌سه‌ر زه‌وی بوونیان هه‌یه‌، له‌ گه‌ردوون پێڕه‌و ناكرێن، هه‌ر چی یاسا و ڕێساكانن ته‌نیا تا به‌رزایی 80 تا 100 كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر ڕووی زه‌وییه‌وه‌ پێویسته‌ پێڕه‌و بكرێن، به‌ڵام له‌ سه‌رووی 100 كیلۆمه‌تر و قووڵبوونه‌وه‌ به‌ نێو گه‌ردوون و ئاسمان دا هیچ یاسایه‌ك نییه‌ هه‌ر كه‌سێك پێوه‌ی پابه‌ند بێت، ئه‌مه‌یش پێشهاتێكی مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رچی چه‌كی ترسناك و كۆكوژه‌ له‌ گه‌ردوون له‌ دژی یه‌كتر تاقی بكرێته‌وه‌.

ئێسته‌ هه‌وڵی زۆر هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یاسا و په‌یماننامه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ردوون له‌لایه‌ن زلهێزه‌كانه‌وه‌ دیاریی بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ كارێكی قورسه‌، چونكه‌ گه‌ردوون سنووردار نییه‌ و ناتوانێ چاودێریشی بكرێت.


جه‌نه‌ڕال جه‌یمس دیكنسن فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزی گه‌ردوونی ئه‌مه‌ریكا پێشتر له‌ كۆنگره‌ی زه‌ریا و ئاسمان و گه‌ردوون كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌سترا، گوتی: به‌شێك له‌ نه‌یاره‌كانمان جووڵه‌ و ڕێوشوێنی نامۆ له‌ نێو گه‌ردوون ئه‌نجام ده‌ده‌ن و تیمه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ گه‌ردوون بێزار و هه‌راسان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ زیانمان پێ بگه‌یه‌نن، پێویسته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕێوشوێنی پێویست بگرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی پێویست وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و هه‌راسانكردن و پێشێلكارییانه‌ بداته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن چین به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و دواتریش ڕووسیاوه‌ له‌ دژی بۆشاییگه‌ره‌كانمان له‌ گه‌ردوون ئه‌نجام ده‌درێت.


كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ 1967 په‌یماننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی به‌كارهێنانی گه‌ردوون واژوو كردووه‌، كه‌ تێیدا هه‌موو وڵاتانی پابه‌ند كردووه‌ كه‌ له‌ گه‌ردوون كۆمه‌ك و هاریكاری یه‌كتر بكه‌ن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش به‌كارهێنانی چه‌ك به‌ گشتی و چه‌كی ئه‌تۆمی و كۆكوژ و ئه‌نجامدانی مانۆری سه‌ربازی له‌ نێو گه‌ردوون قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، ماوه‌ی چه‌ندان ساڵه‌ هه‌مووان پابه‌ندی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ن، به‌ڵام ئێسته‌ دۆزینه‌وه‌كان له‌ گه‌ردوون زۆر فره‌وانتر بووه‌ و ئامرازه‌كانی گه‌یشتنیش به‌ گه‌ردوون زۆر پێشكه‌وتووتر بووه‌، به‌ به‌راور به‌ ساڵانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ڕابردوو.


به‌هۆی نه‌بوونی متمانه‌ و هاریكاری و پێوه‌ندی له‌ نێوان یه‌كتر له‌ گه‌ردوونه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكانی سه‌ر زه‌وی له‌ گه‌ردوونه‌وه‌، زۆر جار كه‌شتییه‌ ئاسمانییه‌كانی ڕووسیا و چین به‌ دوای تیمه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ون و هه‌راسانیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشێلكردنی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌، به‌ڵام هیچ چاودێرییه‌ك له‌ گه‌ردوون بوونی نییه‌ و بیانوویش به‌ ده‌ستی ئه‌و دوو وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆیان له‌و تۆمه‌تانه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌ و بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆی بوونه‌وه‌ره‌ گه‌ردوونییه‌كان.

ئه‌گه‌ر جاران هه‌موو ویست و خواستی وڵاتان دروستكردنی وێستگه‌ی ئاسمانی بوو له‌سه‌ر مانگ، ئێسته‌ هه‌ریه‌ك له‌ چین و ڕووسیا هه‌وڵی دروستكردنی بنكه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر مانگ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكایش بۆ پاراستنی پێگه‌ی خۆی هه‌مان هه‌نگاوی گرتووه‌ته‌به‌ر و به‌ گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی ئارتمیس بڕیاره‌ تا ساڵی 2025 بنكه‌ی سه‌ربازی ئارتمیس له‌سه‌ر مانگ ته‌واو ببێت.


ئه‌لێكس گیلبه‌رت توێژه‌ر و پسپۆر له‌ بواری گه‌ردوونی له‌ په‌یمانگه‌ی باینی زانكۆی كۆلۆرادۆ له‌وباره‌وه‌ گوتی، ئه‌گه‌ر ململانێكان له‌ گه‌ردوون له‌ شوێنی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ژیان بێ له‌ نێو گه‌ردوون، په‌ل بكێشی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی و دروستكردنی بنكه‌ی سه‌ربازی، ئه‌وا هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی چه‌ندان ساڵه‌ زانایان و پسپۆران بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژیان له‌سه‌ر زه‌وی خستوویانه‌ته‌ گه‌ڕ، ده‌بێت به‌ خۆڵه‌مێش و هیچ ئه‌نجامێكی لێ ناكه‌وێته‌وه‌.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©