خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان، نوسینی کاک ناسر حەفید، ڕۆمانێک بە تامی چەن شانۆنامەیەک یا دروستر بڵێم بەرجستەکردنی ڕوداوەکانی ساڵەکانی حەفتای سەدەی ڕابوردوو لە دوتوێی ڕۆمانێکی ڕەشپۆش، زاخاودراو بە ژان و ئازاری گەلێک کە گیرۆدەی کۆمەڵێک نۆرم، یاسا و ڕێسای سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئاینیی و خێلە بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی لە سەر کۆی ژیانی تاک وکۆمەڵگا بە جێ هێشتووە. بە شێوەیک ئەو نۆرمانە شۆڕ بوونەتەوە بۆ ناو ژیانی کۆمەڵگا کە کاردانەوەی لەسەر کایەکانی سیاسەت و شۆڕشەکانیش هەبووە و هەیە.

 خۆڵە خۆشەویستەکەى ناوچاومان ڕۆمانى ناسر حەفید

ڕوداوەکانی ڕۆمانەکە سەلیقەیەکی هێجگار زۆریان تیا بەدی دەکرێت. نوسەر زۆر بە وریایی و بە وردیی ڕۆڵەکان دیاری دەکات. هەڵبژاردنی کاراکتەرەکان وریایی، شارەزایی و ڕاستگۆیی نوسەر پیشان دەدات کە وەک شایەتحاڵێکی ئەو زەمەنە، ئاگادار لەوەی ڕوی داوە دەستی خوێنەر ئەگرێت و ئەیباتەوە بۆ ناو زانکۆکان، خوێندنگاکان، شەقاماکان، کۆڕی لاوانی سەردەم، گاڵتەو گەپی باوی ئەو دەمە.

کوێرەموشە دوای خەونی ناو دڵیان کەوتبوون (بەرکوڵێک لە رۆمانی: "خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان.")

لەگەڵ خوێ ئەتبات بۆ دوکانەکانی شار، ڕۆژەتاریکەکانی سەردەمی یاساغیی و سەردەمی ڕەشپۆشیی. خوێنەر دەبات بۆ ناو پێدەشت و شاخەکانی کوردستانی لەت لەت، لێت ئەگەڕێت لە سەنگەری براکانەوە مەرگی یەکتر ببینین،   دەهێڵێت لەگەڵیدا هەست بە بڕسێتیی بکەیت، بە ترس، بە سەرما و بە بێکەسیی. وامان لێ دەکات هەست بە کوردبوون بکەین. کوردبوون، ئەو دڕکەی کە لە ناو قوڕگماندا چەقیووە.


نوسەر زڕنگانە ڕۆڵی ژنان و کچانی لەو زەمەنەدا فەرامۆش نە کردووە کە ئەوانیش وەک براو کەس و خۆشەویستەکانیان بەشیان هەبووە لەو نەهامەتیانەی بە سەر ڕۆڵەی ئەو میللەتەدا هاتووە. نوسەر دەیەوێت پێمان بڵێت باری خاننمان لە هەندێک کات و شوێندا زۆر لە باری پیاوان گرانترە. ئاخر ئەوان ئەرکیان لە کۆمەڵگایکی پیاوسالاردا زۆر قورسترە. لە ژێر چەپۆک و ڕەحمەتی پیاواندا شەڕ بۆ ژنبوون، بۆ مرۆڤبوون و بۆ کوردبوون ئەکەن. هەرچەندە ڕۆمانەکە بە قەبارە گەورەیە و بە تێروتەسەلیی خوێنەر ئاشنا دەکات بە بەسەرهات و ڕوداوەکانی زەمەنێکی تاریک، زەمەنێک کە مەودای ئازەدییەکان و یەکدی قبوڵکردن لە شاخ و لە شار وەک یەک تەسکە.

وەلێ من وەک خوێنەر هەست ئەکەم هێشتا شتێک ماوە بنوسرێت و بگوترێت. ئاخر سەرنشینی شەمەندەفەرێک مەحاڵە هەمویان پێکەوە بە درێژایی ڕێگاکە لە هەمان شت بڕوانن، هەڵبەت هەندێکیان تەلیسمی خەیاڵیان لای جوانیی سروشتە، هەندێکی کەیان سەرنجیان لە سەر ئەو ناڕێک و پێکییەیە کە جوانییەکی خۆڕسکیی بە گژوگیای پێدەشتەکانی داوە لەسەر هارمۆنیای ڕەنگەکان. ڕەنگە هەندێکیشیان بیر لە زیرەکیی و لێهاتوویی مروڤ و داهێنانەکانی بکەنەوە. بێگومان هەندێکیش هەست، سۆز و بیری لای شان و بازووی ماندووی ئەو کرێکارانەیە کە ئەو هێڵە ئاسنانەیان دروست کردووە. تێبینیەکی دۆستانە کە هیوادرم نوسەر لێم قبووڵ بکات.

کاتێک پیران بڕیار دەدات ڕێگای سەخت و دژوار بگرێتە بەر، لە زیندانە گەورەکەی شارەوە بۆ خەباتی شاخ، ئا لەو ململانێ سەختەدا لەگەڵ برسێتی، سەرما،  تۆفان، هەورازی سەخت و گەشتن بە بستە زەمینێکی ئازاد تا لێیەوە دیسانەوە شێوازێکی تری خەبات بگرێتە بەر، چاوەڕێم ئەکرد کە ئەرخەوان ئامادەگیی زیاتری هەبووایە لە هزرو بیری پیراندا. ئاخر پەیوندییەکەیان چاوەڕێی زیاتری لێ دەکرێت، ناکرێت ئاوا بە ئاسانی ئەرخەوان شوێنبزر بێت لە روداوەکاندا. چونکە ئەو لە سەرەتای دەستپێکی ڕمانەکەدا زۆر چالاکانە خۆی نمایش دەکات و ڕوڵی گڕنگی هەیە. دەست و خامەت ڕەنگین، خەرمان بەرەکەت!

سەڵاح یارە


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©