ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، دوای کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان و شکستی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ئەفغانستان لە بەرامبەر تاڵیباندا، ئێستا ئەو بزووتنەوە چەکدارییە خاوەن بڕێکی زۆر کەرەستەی سەربازییە. 

جیم بانکس، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە وتەیەکدا لە شاری واشنتن دی سی رەخنەی تووندی لە ئیدارەی بایدن گرت لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی بۆ پرسی ئەفغانستان پەیڕەوی دەکات و رایگەیاند، ئەو سیاسەتە بووە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بتوانێت بەشی زۆری ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات. 

جیم بانکس ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا بزووتنەوەی تاڵیبان خاوەنی هێندە چەکی ئەمریکییە کە بەهاکەی زیاترە لە 85 ملیار دۆلار و رایگەیاند، 75 هەزار ئۆتۆمبێل، زیاد لە 200 فڕۆکە و هێلیکۆپتەر، زیاد لە 600 هەزار چەکی سووک و بچووکی ئەمریکی کەوتوەتە دەستی تاڵیبان. 

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکی وتی، "ئێستا تاڵیبان زیاتر لە 85٪ی وڵاتانی جیهان، کۆپتەری جۆری بلاک هۆکی هەیە. ئێستا چەکدارانی تاڵیبان دووربینی شەوانە، جلی گوللەنەبڕ و پێداویستیی تەندروستیان هەیە. لەوەش زیاتر، ئێستا چەکدارانی تاڵیبان دەزانن کێ بوون ئەو کەسانەی کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لە ئەفغانستان یارمەتیی ئێمەیان داوە، ئەوەش لە رێگەی هەبوونی ئەو ئامێرانەی کە جێگە پەنجە، سکانی چاو و زانیاری تایبەتی ئەو کەسانەیان تێدایە". 

جیم بانکس رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئیدارەی بایدن هیچ پلانێکی ئەوتۆی نییە بۆئەوەی ئەو چەکانە وەربگرێتەوە. تەنیا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە کە رەخنەی تووند لە ئیدارەی بایدن دەگرێت و پێیوایە پلانەکەی بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان شکستی هێناوە. 

رۆژی 26-8-2021 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی وڵاتەکەی رایگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەو جۆرەی ئیدارەی بایدن جێبەجێیکرد "گێلانەترین هەنگاو بووە لە مێژووی وڵاتەکەماندا". 

ترەمپ وتیشی، زۆرترین بڕی کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی لە ئەفغانستان بوو، بەڵام بایدن و فەرماندە سەربازییەکان "لەبیریان چوو" ئەو کەرەستە سەربازییە زوو لەو وڵاتە ببەنە دەرەوە، ئەوە لە "کاتێکدایە کە منداڵێکیش دەزانێت دەبێت لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا چی بکرێت". 

ترەمپ باسی لە دانوستاندنەکانی ئیدارەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان کرد کە لە دەوحە بەڕێوەدەچوون و گوتی، بە بەرپرسانی تاڵیبانیان راگەیاندبوو کە هەر کارێک بکەن، زۆر بە تووندی وەڵامیان دەدرێتەوە. 

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەوان بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا بوون. هەر کاتێک جووڵەیەکی ئەوانمان دەبینی، بە فڕۆکەی ئێف 18 لێمان دەدان و جووڵەکەمان دەوەستاند".

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©