دوای تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممە 26-8-2021ی کابوول کە دەیان کەسیان تێدا کوژرا و 13 کەس لەوانیش سەربازی ئەمریکی بوون، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.  

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئەمەمان لەبیرناچێت. دەکەوینە شوێنتان و تۆڵەتان لێ دەسەنینەوە". ئەو گرووپەی بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی سەرەکیترین تەقینەوەکەی کابوولی راگەیاند، بریتییە لە دەوڵەتی ئیسلامیی خۆراسان یان داعشی خۆراسان. 

داعشی خۆراسان چییە؟ 

گرووپێکی چەکداریی ئەفغانستانی سەر بە داعشە، ساڵی 2015 لە لایەن ژمارەیەک ئەندامی پێشووی تاڵیبانی پاکستانەوە دامەزرا، بەوە ناسراوە کە لە تاڵیبان پەڕگیرترە. 

داعشی خۆراسان رێز لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت، بەڵام سەرنجەکەی زیاتر لەسەر ئەفغانستان و پاکستانە و جموجوڵەکانیشی لەو دوو وڵاتەدان. 

وشەی "خۆراسان" بە واتەی "زەویی خۆر" دێت و ئاماژەیە بۆ ناوچەیەک کە چەندین سەدە پێش ئێستا بۆ قسەکردن لەبارەی هەندێک ناوچەی ئێران، ئەفغانستان و پاکستان بەکارهێندراوە. 

دووژمنەکانی کێن؟ 

تاوەکو ئێستا داعشی خۆراسان سەربازانی ئەمریکی، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و هاووڵاتیانی سڤیلیشی کردووەتە ئامانج. لە ساڵی 2017ەوە ئەو گرووپە زیاد لە 250 شەڕ و پێکدادانی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا، ئەفغانستان و پاکستان هەبووە.

جگە لەوە، داعشی خۆراسان لەگەڵ گرووپ و رێکخراوە پەڕگیرەکانی دیکەش شەڕی کردووە، لەوانە تاڵیبان، تەنانەت 28 کەس لەوانەی لە تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممەدا کوژران چەکداری تاڵیبان بوون. داعشی خۆراسان و تاڵیبانی ئەفغانستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندینجار لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان شەڕیان کردووە. 

لە حوزەیرانی رابردوودا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لە چەند مانگی رابردوودا 8000 تاوەکو 10000 چەکدار لە وڵاتانی نێوەڕاستی ئاسیا، باکووری قەوقاز، پاکستان و هەرێمی شینجیانگی رۆژئاوای چینەوە چوونەتە نێو ئەفغانستان. راپۆرتەکە دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لەو چەکدارانەی پەیوەندییان بە تاڵیبان و ئەلقاعیدەوە هەبووە، بەڵام ژمارەیەکیشیان لە داعشی خۆراسانەوە نزیک بوون.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©