سووتانی دارستانەکان لە ئەوروپا، ئەفریقا، ئەمریکا و چەندین ناوچەی دیکەی جیهان، تەنیا بە لەدەستدانی درەخت و سووتانی ناوچەکە کۆتایی نایەت. سووتانی دارستانەکان ئاماژەیە بۆ کارەساتێكی گەورەتر ئەویش بە گوتەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەری کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکە بەهۆی کاریگەرییە مەترسیدارەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ئەمساڵدا 55 ملیۆن کەس ئاوارە بوون، بەشێکی زۆری ئەوانەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بووە.

ئەلێکساندرا بیلاک، بەڕێوەبەری سەنتەری چاودێریی ئاوارەبوونی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لە ئەمساڵدا بەهۆی کارەساتەوە ئاوارەبوون 98%یان پەیوەندییان بە کەشوهەواوە هەیە؛ بۆیە پێشبینی دەکەین لە داهاتوودا کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا دۆخەکە بە جۆرێک خراپتر بکات کە ئاوارەبوون زۆر لەوە زیاتر بێت".

سەبارەت بەو پێشبینییە، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ - IOM دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2050 لەوانەیە بگاتە نزیکەی 200 ملیۆن کەس.

بەپێی راپۆرتی پانێڵی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووکان، ئێستا 1%ی خاکی سەر زەوی بەهۆی وشكییەوە بە کەڵكی ژیان نەماوە، پێشبینییش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2070 ئەو رێژەیە بۆ 19% بەرز ببێتەوە، ئەمەش واتە جێهێشتنی ناوچەکان لەلایەن خەڵکەوە.

پانێڵی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووکان دەڵێت، پلەی گەرمیی زەویش بە جۆرێك بەرز دەبێتەوە کە لەوانەیە لە وڵاتانی ئەوروپاش هاوینان پلەی گەرما بگاتە 50 پلەی سیلیزی.

بۆب ستێفانسکی، بەرپرسی ئاژانسی کەشناسیی نەتەوە یەکگرتوەوکان رایگەیاند، "نیگەرانییەکە ئەوەیە، دروست نازانین کەی ئەو تۆمارە بەرزە دەبینین، بەڵام دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ تۆمارکردنی پلەیەکی گەرمیی بەرز کە بە تێکڕا لە ئەوروپا دەگاتە 50 پلەی سیلیزی".

بەهۆی گەرمیی زەوییەوە، کێشەیەکی دیکەی جیددی روودەدات، ئەویش توانەوەی سەهۆڵبەندان و بەستەڵەکی جەمسەرەکانە.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، نزیکەی 500 ملیار تۆن کاربۆن لەژێر ئەو بەستەڵەکانەدا بچێتە بەرگی هەوای زەوییەوە؛ ئەمەش واتە پیسبوونی هەوای زەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و نەمانی ژمارەیەک شاری جیهان.

بێنجامین ستراوس، بەرپرسی ستافی زانستی رێکخراوی کلایمەت سێنتراڵ باس لەوە دەکات "هەندێك شار کە ئەمڕۆ هەن، سبەینێ دەبنە دوورگەی ئەفسانەیی و نامێنن، رێک وەکو ئەو چیرۆکە ئەفسانەییانەی لە رابردوودا بەر گوێمان کەوتوون. زۆر لەو چیرۆکانەی بیستوومانن سەبارەت بە ئەوانەن کە شار بوون و دواتر ژێر ئاو کەوتوون".

بۆ رێگریکردن لە کەوتنەوەی ئەو کارەساتە پێشبینیکراوانە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات وڵاتانی جیهان بەپەلە رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی کاربۆن و گازی ژەهراوی واژۆ بکەن، ئەگینا بەردەوامیی ژیان بەم جۆرە تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە پلەی گەرمای گۆی زەوی بە جۆرێک بەرزدەکاتەوە کە نزیکەی 80%ی دارستانەکانی جیهان لەنێودەچن، سەهۆڵبەندانەکان دەتوێنەوە و ژیانی بەشێكی دانیشتوانی گۆی زەوی بەهۆی لافاو، ئاگرکەوتنەوە، وشکەساڵی و نەمانی ئاوی خواردنەوە و ئاسایشی خۆراکەوە دەکەوێتە مەترسییەوە و کۆچی بەکۆمەڵیش سنوورەکانی جیهان دەگۆڕێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©