ئەندامێكی لیژنەی ناوەندیی پارتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردی سووریا (P.Y.K.S) لە لێدوانێكدا بۆ ئاماژەی بە پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان و وانەی ئەو ئەزموونە بۆ كوردی سووریا و یەكگرتنیان دەكات و دەڵێت: كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و خۆرهەڵاتی فورات دەتوانێت دووپات كرانەوەی هەمان سناریۆی ئەفغانستان بێت و خەساری فراوانی لێبكەوێتەوە بۆیە هیچ متمانەیێك بە هێزی بیانی ناكرێت.

هەڤاڵ عیسا بۆ ئاژانسی كوردپرێس دەڵێت: ئاشكرایە كە زلهێزەكان بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان ڕەفتار دەكەن و پرسی كشانەوەش هەر ڕوو دەدات و ئەگەر كورد نەتوانێت ڕێگاچارێك بۆ كێشەكانی خۆی بدۆزێتەوە تووشی زیان دەبێت. ئەمریكا بۆ هەمیشە لە ناوچەكە نامێنێتەوە و ڕۆژێك هەر ئەو ناوچەیە بەجێ دەهێڵێت هەر وەك پاش 20 ساڵ ئەفغانستانی چۆڵ كرد.

هەڵاڤ عیسا ئاشكراشی كرد: هەر بەو بۆنەیەوە پێویستە ئەوە لەبیر نەكەین كە دوور نیە پێشهاتێكی لەو شێوەیەش لە كوردستانی سووریا و خۆرهەڵاتی فورات ڕوو بدات. بۆیە پێویستە ئێمەی كوردی سووریا یەك بگرین و تەنها پشت بە خۆمان و گەلەكەمان ببەستین.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردی سووریا (P.Y.K.S) دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە كورد لە نێو ماڵی خۆی یەك بگرێت و خۆی بۆ پێشهاتە سیاسییەكانی داهاتوو ئامادە بكات. كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەتوانێت بكرێتە ئەزموونێك بۆ ڕووكردنی ئێمە لە یەكگرتنی نێوخۆیی و دۆزینەوەی ڕێگاچارێك بۆ داهاتوومان.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©