بۆ یەکەمجارە لەمێژوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خانمێک پۆستی حاکمی ویلایەتی نیویۆرک وەردەگرێت، زۆرێک باس لەوە دەکەن ئەو پۆستە یەکێکە لە هەستیارترین پۆستەکانی ئەمریکا، بەڵام ئەو خانمە توانیویەتی ئەو دیوارە بشکێنێت و تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ لە یەکلاکردنەوەی ئەو ڕکابەرییەدا.

ئەو خانمەی ناوی (کاسی هۆکۆل)ەو ساڵانێکە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکادا ئەسپی خۆی تاو دەدات و چەندین ئەزمونی گەورەی بینیوە، ناوبراو لەسەر پشکی دیموکراتییەکان بوەتە حاکمی ویلایەتی نیویۆرک کە یەکێکە لە ویلایەتە گەورە و دیارەکانی ئەمریکا.

کاسی هۆکۆل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە سوێندی یاسایی خوارد و چاوی کامێراکانی جیهانی لەخۆی نزیک کردەوە، چونکە دواجار توانی وەک یەکەم خانمی مێژوی ئەمریکا ببێتە حاکمی ولایەتی نیویۆرک.

لەکاتی سوێندخواردنەکەیدا هۆکۆل بەڵێنی ئەوەی داوە کەشوهەوای سیاسی ئەو ویلایەتە بگۆڕێت، کاردەکات بۆ ئەوەی متمانەی خەڵکی نیویۆرک بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە و خۆشگوزەرانی زیاتر فەراهەم بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، (کاسی هۆکۆل) لە شاری باڤالۆ لەدایکبوە و هەفتەی ڕابردو مۆمی 63 ساڵەی تەمەنی کوژاندەوە، دوێنێ سێشەممە بوە حاکمی ژمارە 57 لە مێژوی ویلایەتی نیویۆرکدا.

وەرگرتنی پۆستی حاکمی ویلایەتی نیویۆرک لەلایەن هۆکۆلەوە دوای ئەوە دێت لەماوەی ڕابردودا (ئاندرۆ کۆمۆ)ی حاکمی پێشوی ئەو ویلایەتە بەهۆی ئاشکرابونی کردەوەیەکی دەستدرێژیی سێکسییەوە ناچارکرا دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی پێشکەش بکات.

ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدایە کە بەردەوام بانگەشەی دیموکراسی دەکات و یەکسانی جێندەری لەسەر بنەمایەکی زانستی کاری پێدەکرێت، لەبەرئەوە وەرگرتنی پۆستی حاکمی ویلایەتی نیویۆرک لەلایەن خانمێکەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە و زۆرێک لە خەڵکی پێشوازییان لەو گۆڕانکارییە کردوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©