لە یارییەکی خولی تۆپی پێی فەرەنسادا، هاندەران هێرشیانکردە سەر یاریزانانی تیپی رکابەر و بۆ مردن لێیاندان.

لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نیس و مارسیلیا لە گەڕی سێیەمی خولی فەرەنسا، کە لە یاریگەی نیس بەڕێوەچوو، هاندەرانی ئەو یانەیە هێرشیانکردە سەر یاریزانانی مارسیلیا و شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە روویدا، بەو هۆیەشەوە یارییەکە تەواونەکرا.

لە خولەکی 73ـی یارییەکە هاندەرانی نیس دەبەیەکی ئاویان گرتە دیمیتری پایێ، یاریزانی یانەی نیس، دەبەکە بەر ملی ئەو یاریزانە کەوت، یاریزانەکەش دەبەکەی بۆ هاندەران هەڵدایەوە، دوای ئەوە هاندەرانی یانەی نیس رژانە نێو یاریگە و بە لێشاو هێرشیانکردە سەر پایێ و یاریزانەکانی دیکەی یانەی مارسیلیا، بەمەش شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە لەنێوان هەردوولادا روویدا، بەو هۆیەشەوە یارییەکە راگیرا.

خۆرخی سامپاوڵی، راهێنەری یانەی مارسیلیا بۆ بەرگریکردن لە یاریزانەکانی چووە نێو یاریگە و لەگەڵ جان کلیەر تودیبۆ بەرگریکاری یانەی نیس بەشەڕهات.

دوای ئەوە بەرپرسانی هەردوو یانە و پۆلیسی یاریگە چوونە نێو یاریگە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام ژمارەی هاندەرانی نێو یاریگە هێندە زۆر بوو بارودۆخەکە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ نەکرا.

بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، سێ یاریزانی یانەی مارسیلیا لەو هێرشانەدا بریندارکراون، دواتر وێنەی دوو یاریزان بڵاوکرایەوە کە ئاماژەی لێدان بەتەواوی بە جەستەیانەوە دیارە و ئازاردراون، ئەو دوو یاریزانەش لوان پێرێز و ماتیۆ گوێندۆزین.

هەرچەند هەوڵ هەبوو بۆ ئەوەی یارییەکە دەستپێبکاتەوە و تەواوبکرێت، بەڵام یانەی مارسیلیا لەسەر داواکاریی سەرۆکی یانەکە بڕیارییدا نەگەڕێتەوە نێو یاریگە، بەمەش ناوبژیوان کۆتایی بە یارییەکە هێنا.

پابلۆ لۆنگۆریا، سەرۆکی یانەی مارسیلیا لەبارەی ئەو رووداوەوە گوتی " دەستەی بەڕێوەبردنی خولەکە بڕیارییدا یارییەکە تەواوبکرێت، بەڵام بۆ ئێمە سەلامەتی یاریزانەکان و تیپەکەمان لە هەموو شتێک گرنگتربوو و لەوە دڵنیا نەبووین، بۆیە بڕیارماندا نەگەڕێینەوە نێو یاریگە، ئەمە جاری دووەمە ئەمەمان بەسەردێت، پێشتر بەرامبەر مۆنپیلێ ئەمە روویداوە، ئەو کاتە بڕیارماندا یارییەکە تەواوبکەین، بەڵام ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر نیس روویدا جێگەی قبوڵ نییە و پێویستە ئێمە بۆ تۆپی پێی فەرەنسا ببینە نموونە، ناوبژیوان لای ئێمە بوو و لەگەڵ خۆرخی سامپاولی، راهێنەری یانەکە دووپاتمانکردەوە کە سەلامەتی یاریزانەکان لەپێشەوەی هەموو شتێکە و بڕیارماندا نەگەڕێینەوە نێو یاریگە، دەستەی خولەکە بڕیارییدا یارییەکە تەواوبکرێت، ئەمەش بەلای ئێمەوە جێگە قبوڵ نییە، بۆیە بڕیارماندا یارییەکە تەواونەکەین و بگەڕێینەوە مارسیلیا ".

میدیای فەرەنسا دەڵێت " سەرۆکی یانەی مارسیلیا هەڕەشەی کردووە و گوتوویەتی ئەگەر لە یارییەکە بە دۆڕا بە 3-0 هەژماربکرێن، لە تەواوی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی فەرەنسا دەکشێنەوە ".

کاتێک رووداوەکە روویدا یانەی نیس، کە میوانداری یارییەکە بە گۆڵێکی کاسپەر دۆلبێرگ لە پێشەوەبوو.

 

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©