شەڕو پێکدانان، زیادبوونی برسێتی، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پەتای کۆرۆنا بوونەتە هۆی ئەوەی لەمساڵدا، ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە، بۆ 235 ملیۆن و 400 هەزار کەس بەرزببێتەوە، ئەوە بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەفغانییەکان نوێترین نموونەی ئەو کەسانەن، کە بەهۆی شەڕی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە دژی هێزە ئەمنییەکان و سەربازانی سوپای ئەفغانستان ئاوارە بوون. 

شەهیبا مانتوو، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای پەنارانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دەڵێت: "ئێمە نیگەرانین لە کاریگەری ململانێکە لەسەر ژنان و کچان. نزیکەی 80٪ی ئەو چارەکە ملیۆن ئەفغانیانەی کە ئاوارەبوون ژن و منداڵن. نزیکەی 400 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای ئەمساڵەوە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبێڵن و چوونە پاڵ ئەو 2.9 ملیۆن ئەفغانیانەی کە پێشتر لە ساڵی 2020 ئاوارە بووبوون."

لە ئەسیوپیاش، بەگوێرەی ئامارەکانی UN، لە نۆ مانگی رابردوودا، 2 ملیۆن و 100 هەزار کەس بەهۆی شەڕی نێوان حکومەتی ناوەندیی ئەسیوپیا و بەرەی رزگاریخوازی هەرێمی تیگرای لە باکووری ئەو وڵاتە ئاوارەبوون. ئەوە جگە لەوەی کە 5 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و یونسێف دەڵێت 100 هەزار منداڵ لە تیگرای مەترسیی بەدخۆراکییان لەسەرە. 

ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "هاوکارانمان پێماندەڵێن کە دۆخی تیگرای بە نادیاری و لاوازی ماوەتەوە، لەکاتێکدا کە جموجوڵی هێزەکانی تیگرای لە پارێزگەکانی 'ئەمهارا' و 'ئەفار'دا بەردەوامن. گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانە بە سنووردارکراوی ماوەتەوە تەنیا لە رێگەی هەرێمی ئەفارەوە دەگات، کە ئەوێش شوێنێکی سەلامەت نییە."

بەگوێرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور، بە تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 10 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی لافاو، بوومەلەرزە، ئاگری دارستانەکان و کارەساتە سرووشتیەکانی دیکە ئاوارە بوون. 

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، مەبەستیانە لەم ساڵدا هاوکاریی مرۆیی بگەیێننە 159 ملیۆن و 900 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ ئەوەش پێویستیان بە 35 ملیار و 100 هەزار دۆلار دەبێت
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©