کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بێدەنگی شکاند و وەڵامێکی تووندی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە داهاتووی دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، میدیاکان زۆر باسیان لە چارەنووسی رۆناڵدۆ کرد و ناویان بە چەندین یانەی دیکە بەستەوە و ئاماژەشیان بۆ ئەوە دەکرد کە خودی یاریزانەکەش دەخوازێت لە یانەکەی بڕوات.

بەر لە چەند کاژێرێک کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاشکرایکرد کە ئەو داوای گەڕانەوەی رۆناڵدۆی بۆ ریزەکانی ریال مەدرید نەکردووە، دوای ئەو لێدوانەی راهێنەری پێشووی دۆن، ئەستێرەی پۆرتوگالی لە پەیامێکدا کە لە رێگەی ئینیستاگرامەکەی بڵاویکردەوە، بە تووندی وەڵامی ئەو پروپاگەندانەی دایەوە و گوتی "رێگە نادەم هەندێک کەس ناوی من بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکاربێنن".

رۆناڵدۆ نووسیویەتی "هەر کەسێک کە من دەناسێت دەزانێت کە من چەندە بایەخ بە کاری خۆم دەدەم، قسەی کەم و کاری زۆر، ئەمە هەمیشە و هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کاروانی وەرزشییمەوە دروشمی من بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هەموو ئەوەی لەسەرم دەگوترێت و دەنووسرێت، پێویستە هەڵوێستی خۆم نیشان بدەم".

کریس دەشڵێت "بێجگە لەوەی کە ئەمە بێڕێزییە بۆ من وەک کەس و وەک یاریزانێک، ئەو شێوازە گەمژانەیەی لە دەزگاکانی راگەیاندندا بۆ قسەکردن لەسەر داهاتووم بەکاردەهێنرێت، بێڕێزیشە بەرامبەر هەموو ئەو یانانەی ناوی منیان لەگەڵیاندا هێنراوە، بە یاریزان و کارمەندەکانیشیانەوە".

دۆن کریستیانۆ، لە درێژەی پەیامەکەیدا، نووسیویەتی "چیرۆکی خۆم لەگەڵ ریال مەدرید نووسیوەتەوە، هەمووی بە وشە و ژمارە، بە نازناو و خەڵاتەکانەوە تۆمارکراوە، لە مۆزەخانەی برنابیۆ و لە مێشکی هەموو هاندەرێکی یانەکەدا دانراوە".

ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید و ئێستای یوڤێنتوس، دەشڵێت "بێجگە لەوەی بەدەستمهێناوە، لە ماوەی ئەوە 9 ساڵەی یاریم بۆ ریال مەدرید کردووە پەیوەندییەکی قووڵم لەگەڵ جەماوەر هەبووە و رێزیان گرتووم، تاوەکو ئەمڕۆش ئەو رێز و پەیوەندییەم پاراستووە، دەزانم کە هاندەرە راستەقینەکانی ریال مەدرید بەردەوام دەبن لە هێشتنەوەم لە دڵەکانیاندا و منیش ئەوان دەخەمە نێو دڵمەوە".

زیاتر نووسیویەتی "بێجگە لە دوایین ئەڵقە لە ئیسپانیا، هەندێک هەواڵی دیکەش بەردەوام دووبارە دەکرانەوە و ناوی منیان بە چەندین خولی دیکە دەبەستەوە، بەڵام کەسیان نەیانتوانی راستییەکەی بسەلمێنن".

دۆن لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتیدەکاتەوە "ئێستا من بێدەنگییەکەم شکاند بۆ ئەوەی بڵێم ناتوانم رێگە بە خەڵکێک بدەم بەردەوام بن لە یاریکردن بە ناوی من، هێشتا بایەخ بە کاروانی پیشەیی و کاری خۆم دەدەم، پابەندم و ئامادەم بۆ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە پێویستە رووبەڕوویان ببمەوە، هەر شتێکی دیکە بێجگە لەمەی باسم کرد، تەنیا قسەیە"
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©