دنیای مێروولە سەیرە، ژمارەیەكی زۆری مێروولە لە دەوروبەرمان دەژین، بە رۆژ و شەو جۆری جیاوازیان دەبینی و ئەوان چالاكانە كار دەكەن، لە 2004 ئەوكاتەی زانایان لێكۆڵینەوەیان لەبارەی ژیانی وشكانی لە دارستانەكانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەكرد، جۆرێكی دەگمەنی مێروولەیان دۆزیەوە، لە حاڵەتی توڕەیی و لە مەترسیدا و بۆ پارێزگاریكردن لە كۆمەڵەكەی خۆی دەتەقێنێتەوە.


ئەو مێروولەیە ناوی " Colobopsis saundersi"ەوە لە ناوچەكانی مالیزیا و برۆنای بەكۆمەڵ لە دارستانی دارە بەرزەكاندا دەژی، شێوەیەكی دەگمەنی بۆ پارێزگاریكردن لە خۆی و كۆمەڵەكەی دژ بە دوژمنەكانی هەیە، كاتێك لە بەشی دواوەی لەشیدا كارگەیەكی كیمیایی زۆر ئاڵۆز هەیە و مادەیەكی رەنگ زەرد دروست دەكات.
ئەو مێروولانەی خۆیان دەتەقێننەوە بەتەمەنەكانن كە توانای جووڵە و بەرهەمیان كەمترە
ئەو مادە دوو تایبەتمەندی هەیە، مادەیەكی نووسەكی بە هاوشێوەی كەتیرە تیادایە كە جووڵەی بەرانبەرەكەی پەك دەخا و رێگەی هەڵاتنی دەگرێت، دووەم ئەو مادەیە زۆر ژەهراوییە، بۆیە كاتێك هێرش دەكاتە سەر دوژمنەكەی، شەویلاكی ژێرەوەی لە جەستەی دوژمنەكەی گیر دەكات، كە كۆگەیەكی ژەهرەكەی تیادایە و دوژمنەكەی دەكوژێت.


گەورەترین دوژمنی ئەو مێروولەیە جۆرێكی تری مێروولەیە بەناوی "لابیترمیس لابرالیس"، كە قەبارەی سێ هێندی خۆیەتی، هەركات ئەو جۆرەیان هێرشی كردە سەر مێروولەی یەكەم، بەهۆی گەورەیی قەبارەكەیەوە مادە ژەهراوییەكەی بەشی كوشتنی ناكات، ئەوكات پەنا بۆ خۆتەقاندنەوە و كوشتنی دەبات.


سەرەتا مێروولەكە بەتوندی بە دوژمنەكەیەوە دەنووسێت و دەمی بە شوێنێكی جەستەیەوە دەنووسێنێت، ئینجا دەست دەكات بە فوودانی ماسولكەكانی سكی تا لوولەكانی گواستنەوەی مادە ژەهراوییەكە دەتەقێتەوە، لێرە ئەو مادەیە بەر لەشی دوژمنەكەی دەكەوێت، دەیكوژێ یان لە جووڵەكردن پەكی دەخات، بەوەیش هەلێك لە مێروولەكانیتری هاوجۆری دەدات بۆ كوشتنی. 


زانایان بۆیان دەركەوت كە ئەو مێروولانەی ئەو كارە دەكەن بەتەمەنەكانیانن، كە توانای جووڵەكردن و بەرهەمیان كەمترە، ئێستەیش زانایان خەریكی لێكۆڵینەوەن لە پێكهاتەی ئەو مادە زەردە ژەهراوییە بۆ زانینی كاریگەرییەكانی لەسەر گرێ شێرپەنجەییەكان.  

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©