به‌گوێره‌ی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران، سێشەممەی ڕابردوو بەسەردانێکی له‌ناكاو گەیشتۆتە شاری بەغدا، وتوشیانه‌، "گه‌یشتنه‌كه‌ی دوای چەند کاتژمێرێکی کەم بوه‌ لەڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان بەغداو واشنتۆن بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەعێراق".

ئەو سەرچاوانە ئاشكرایانكردوه‌، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران  بەهاوڕێیەتی ژمارەیەکی کەم لەیاریدەرەکانی هاتۆتە عێراق، هەر لەگەڵ گەیشتنیشی بەبەغدا چاوی بەسەرکردەکانی حەشدی شەعبی کەوتوەو لەگەڵ لایەنە سیایسیەکانیش دیداری ئەنجامداوە.

زانیاری ئه‌وه‌ش بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ کە لەو دیدارو کۆبونەوانەدا گفتوگۆیان لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی مستەفا کازمی کردوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەکەتیبەکانی حزبوڵڵای لایەنگری تاران باسی لەوەکردوە، ئامانج لەسەردانەکەی قائانی یەکخستنی هەڵوێستی گروپە چەکدارییەکانی ناو میلیشیای حەشدی شەعبیە لەبەرامبەر ئەو پێشهاتانەی ئەمدواییە لەبارەی بونی سەربازی ئەمریکی لەعێراق هاتونەتە ئاراوە".

چاودێران پێیانوایه‌، هێشتا هەڵوێستی گروپە چەکدارییە شیعییەکانی لایەنگری ئێران ڕون نییەو هیچ بەیاننامە یان لێدوانێکی فەرمیان لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن‌و بەغدا نەداوە، بەڵام باس لەوەدەکرێت، ئەو گروپانە بەوە ڕازیی نین کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەنێوان هێزی شەڕکەرو هێزی ناشەڕکەر پۆلێن بکرێن، بەڵکو یەکەم داواکاری ئەوان بریتییە لەچونە دەرەوەی سەرجەم هێز بیانییەکان لەعێراق، لەناویاندا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش‌و هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ).

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©