بەهۆی بڕانی بەردەوامی کارەبا لە پارێزگای ئیلام، شەوی رابردوو خەڵکی شاری ئەیوان ناڕەزایەتییان دەربڕی و پشتگیریی خۆشیان بۆ خەڵکی خوزستان دەربڕی.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، خەڵکی ناڕازی لە شاری ئەیوان بە ئۆتۆمبێل چوونەتە سەر شەقامەکان و لە بەرامبەر بڕانی کارەبا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەدا کە بڵاوبووەتەوە، یەکێک لە ناڕازییەکان دەڵێ: "لەگەڵ بڕانی کارەبا، ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ پشتگیریی لە خەڵکی خوزستانە."

رۆژی دووشەممەش کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئەو شارە و ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر نەبوونی کارەبا دەربڕی.

بڕانی کارەبا و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لەم هەفتەیەدا تاوەکو 51 پلە لە ناوچە باشوورییەکانی ئیلام بەپێی راپۆرتی کەشناسیی ئەو پارێزگایە، دۆخی ژیانی لەو ناوچانە هێندەی دیکە قورس کردووە.  

بەرپرسانی حکومەت هۆکاری بڕانی کارەبا بۆ بەکارهێنانی زۆری کارەبا دەگەڕێننەوە، بەڵام هاوکات دەڵێن، وشکەساڵیش وایکردووە بەرهەمی کارەبا دابەزێت.

شاری کرماشانیش بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی گەڕەکی دەڕەدریژ لە نەبوونی ئاو، بارودۆخی شارەکە سەقامگیر نییە و لە شەوی دووشەممەوە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە شوێنە هەستیارەکاندا جێگیر بوون.

لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشانیشدا ژمارەیەک خۆپێشاندەر گیراون، کە بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەیان زیاتر لە 20 کەسن. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©