لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گەیشتە باشووری ئاسیا و سەردانی سەنگاپووری کرد. رۆژی چوارشەممەش لەو وڵاتە گوتارێک لە "پەیمانگەی نیودەوڵەتی بۆ گفتوگۆی ستراتیژی" پێشکێش دەکات. گوتارەکە تایبەت دەبێت بە هاوئاهەنگیی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چین.

هەر لەنێو فڕۆکەکەیدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئێلی راتنەری وەک یاریدەرەی خۆی بۆ کاروباری ئاسایشی وڵاتانی سەر زەریای هێمن دەستنیشانکرد.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، "بە هەموو رژدییەکەوە، لەمێژە چاوەڕێی ئەم رۆژە بووین. ئێلی شارەزاییەکی وڵاتانی سنووری زەریای هێمنە و سەرکردایەتیی هێزی تایبەتی رووبەڕووبونەوەی چین دەکات."

ئامانجی ئۆستن لەم سەردانە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی واشنتنە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و پاشەکشەپێکردنی هەژموونی چینە لەو سنوورەدا.

کەچی لە هەمان کاتدا، هەردوولا لە چەند بوارێکدا کاری هاوبەشیان هەیە، لەوانە رووبەڕووبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی جیهانی.

بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی دووشەممە 26-7-2021 ، وێندی شیرمان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و ژمارەیەک بەرپرسی چینی کۆبووەوە.

لەو سەردانەشدا باس لە رێکخستنی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی چین کرا. وەزارەتی دەرەوەی چینیش دەڵێت، ناکرێت ئەمریکا لەلایەک داوای کاری هاوبەش بکات و لە لایەکی دیکەوە جووڵەکانی دژی پەکین زیاتر بکات.

ژان لیژیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، "ئەوەی پێویستە جەختی لێبکرێتەوە ئەوەیە کە هاریکاری دەبێت لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ دروستکردنی کەشێكی گونجاو بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵی بێت. پێویستە ئەمریکا بۆچوونێکی دروستی سەبارەت بە هاریکاری هەبێت. ناکرێت بەدوای هاریکاریدا بگەڕێت و لەلایکەی دیکەشەوە زیان بە بەرژەوەندییەکانی چین بگەیێنێت."

ئێستا چین رکابەری سەرەکیی ئابووریی ئەمریکایە، لەڕووی سیاسیشەوە بەهۆی کێشەکانی هۆنک کۆنگ و دەریای باشووری چینەوە لە ململانێدان. 

سەرباری ئەوانەش، سەرچاوەی یەکەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە کێشەیەکی دیکەی نێوان هەردوولا. 

تاوەکو ئێستاش ئەمریکا گومانی لەوە هەیە، ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکەی شاری ووهانەوە دزەی کردبێت، کە تاقیگەی ڤایرۆلۆجی ووهانە. چینیش دەڵێت، بەپێی توێژینەوەی پسپۆڕانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسەکە لە بازاڕی گیانەوەرە ئاوییەکانەوە بڵاوبووەتەوە، بەڵام بۆ ئەمریکا ئەو تاقیگە زانستییەی چین هێشتا جێگەی گومانە و لە مانگی ئایاردا بایدن فەرمانی بە کارکردن دا بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی هەواڵگری لەو بارەیەوە.  

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©