شارەزایەکى کەشناسى رایگەیاندووە، شەپۆلێکى بارانبارین روو لە بەشێک لە ناوچەکانى کوردستان دەکات.


ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە هەرێم رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی باراناوی لەسەر ناوچەکانی کوردستانی باکور و رۆژھەڵات پێشبینی دەکەین سەرەتای ھەفتەی ئایندە لەرۆژانی ١ی ئاب تاوەکو ٤ی ئاب، شەپۆلێکی تاو تاوی بارانبارین و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاجیا بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلەکە بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاویی و سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆک دەبێت، بەھۆی نزیکی ئەو ناوچانە لە سنورەکانی باکور و رۆژھەڵاتی نزمە پاڵەپەستۆکەوە.


ئەو شارەزای کەشناسییە دەشڵێت، بەگشتی بۆ ناوچەکانی باشوری ھەرێم وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک و ھەڵەبجە تا ئێستا دەرنەکەوتووە لەو ناوچانەدا کاریگەری دەبێت بەشێوەی بارانبارین، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر گۆرانکاریەکان دڵخۆشکەر دەبن و کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە نزمەکان و ئەو سنورانەش .


ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە مانگێکە شەپۆلێکی گەرما عێراق و هەرێمی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچەشدا پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە سەرو ٥٠ پلەی سیلیزی.


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©