بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، ئیدارەی بایدن بەنیازە سزا بەسەر هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بسەپێنێت بۆئەوەی تاران ناچاربێت زووتر لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی رازی ببێت.

بەگوێرەی وتەی ئەو بەرپرسە، کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، ئیدارەی بایدن سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکە بۆئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بوەستێنێت؛ ئەوەش لە کاتێکدایە چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانە و رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیلی هاوردە دەکات و تارانیش لەو رێگەیەوە بەشێکی گرنگی داهاتەکەی دابیندەکات.

تاوەکو ئێستا شەش گەڕی گفتوگۆکانی ڤیەننا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە بەشداریی وڵاتانی دیکەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجامدراون، چاوەڕوان دەکرێت دوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری نوێی ئێرانیش لە مانگی ئابدا، گەڕی حەوتەمی دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکە بە میدیای وڵاتەکەی وتووە، ئەگەر گفتوگۆکان شکستبهێنن، ئەوا ئەمریکا پلانەکەی جێبەجێ دەکات، ئەوەش وادەکات ئەو تۆڕانەی نەوتی ئێران بۆ چین دەگوازنەوە بکەونە بەر سزاکانی ئەمریکا.

ئەمریکا لە ئایاری ساڵی 2018 لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکات لە رێککەوتنەکە کشایەوە و دووبارە سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە؛ ئێران دوای ئەوە قۆناخ بە قۆناخ پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە کەمکردەوە.

ئێستا ئیدارەی بایدن دەیەوێت ئەمریکا بگەڕێنێتەوە نێو رێککەوتنەکە، بەڵام بەو مەرجەی تاران هەموو هەنگاوەکانی پێچەوانە بکاتەوە و چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەگوێرەی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە رێکبخاتەوە، بۆئەوەی واشنتن سزاکانی لەسەر لاببات.

بەڵام ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت یەکەمجار ئەمریکا بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە و سزاکانی سەر تاران هەڵبوەشێنێتەوە بۆئەوەی ئەویش پابەندبێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©