بەپـێی سەرچاوە هەواڵیـیەکان لە ئێرانەوە، دەسەڵاداران هێزی زیاتریان ڕەوانەی خوزستان کردووە بە ئامانجی سەرکوتکردنی ئەو خۆپـیشاندان و ناڕەزایەتیـیانەی ناوچە عەرەبیـیەکانی گرتووەتەوە لە بەرامبەر ئەو بێ ئاویـیەی دووچاری ناوچەکانیان بووە.


حەسەن ڕازی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەلئەحوازی بۆ ڕاگەیاندن و توێژینەوە ستراتیژیـیەکان لە تویتەری خۆیدا وێنەیەکی بڵاو کردوەتەوە و لەسەری نووسیویەتی"فڕۆکەخانەی ئەحواز بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئێران هێزی زیاتری سەرکوتکردن و تێرۆر دادەگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەلی عەرەبی ڕاپەڕیوی ئەحواز."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، هاوڵاتیانی شارەکانی ئەهواز، کەرخە، سوسەنگەرد، شادگان، حەمیدیە و شووش بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی خۆیان دەستیان داوەتە خۆپیشاندانی ئاشتیانە کە بە پێی بنکەی زانیارییەکانی مافی مرۆڤی ئێران تاکو ئێستا لانی کەم دوو گەنجی خۆپیشاندەر بە ناوەکانی مستەفا نەعیماوی و قاسم خەزیری بە هۆی سەرکوتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەوە کوژراون.


حامد ئیسماعیلیون کە لە هێرشە موشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر فڕۆکە ئۆکرانیەکە، هاوسەر و منداڵەکەی لەدەستدا، لە نووسینێکدا بۆ باوکی مستەفا نەعیماوی دەڵێت "بە نهێنی مەگری براکەم! گریان و تووڕەییەکانت لەناو جەماوەردا هاوار بکە و ورە با پێکەوە لەم شەوە ڕەشەدا پێکەوە بگرین، مەگەر بە فرمێسکەکانی ئێمە هۆر ئەلعەزیم دووبارە ئاوی بۆ بێتەوە."
هاوکات ئەنجومەنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە ڕێگای نامەیەکەوە بۆ کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هەڵسوکەوت و توندوتیژییەکانی حکومەت بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەربڕیوە و داوایان لەو دامەزراوە نێودەوڵەتیـیە کردووە کە هەموو سەرچاوە و تواناکانی بەکار بێنێت بۆ ڕێگریگرتن و وەستاندنی توندتیژی و سەرکوتەکانی حکومەتی ئێران.
ئەم دامەزراوە ئێرانییەی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ لە نامەکەیدا بە ئاماژەدان بە کوشتن و برینداربوونی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکردنیان، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە "بەردەوامیی و ئاڵۆزیی" دۆخەکە دەربڕیوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیکە لە دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردووە " گروپە تیرۆریستییەکان " دزەیان کردووەتە ناو ڕیزەکانی خۆپیشاندەرانەوە. ئەم ئاژانسە لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی داوە هۆکاری کوژرانی دوو گەنجی خۆپیشاندەری خوزستانی بە تەقەکردنی" ئاژاوەگێڕەکان " ببەستێتەوە.
هەروەها جێگری بەرپرسی ئاسایشی پۆلیسی پارێزگای خوزستان ڕۆژی دووشەممە ئاماری کوژراوەکانی بە "هەڵە" ناوبرد و بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ڕاگەیاند "دوژمنە سوێندخواردوەکانی ڕژێم بە مەبەستی دیاریکراو چەندین کلیپی کوژراوانی سێ هاوڵاتی و دوو سەربازیان لە توڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیین."
خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدا بەردەوامن کە قاسم سولەیمانی دەشتەکی، پارێزگاری خوزستان دەڵێت خەریکی ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیرن سەبارەت بە قەیرانی کەم ئاوی پارێزگای خوزستان و دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی سەرۆکی سێ دەزگاکەی حکومەتدا بیخەنە بەرباس و پێداچوونەوەی بۆ بکەن. پارێزگاری خوزستان بە ئاماژەدان بە گرفتە قورسەکانی کەم ئاوی لە خوزستاندا دەشڵێت "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فشارێکی زیاترمان خستووەتە سەر بەرپرسانی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکان سەبارەت بە بێ ئاوی."
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری بێ ئاویی خوزستان دەگێڕننەوە بە وشکەساڵی و کەش‌وهەواو، بەڵام خەڵکی خوزستان هۆکاری ئەو کێشەیە دەگێڕنەوە بۆ خراپی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان.
کاوە مەدەنی، توێژەری ژینگەیی لە زانکۆی یەڵ لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای گوت "حکومەتی ئێران بۆ دابینکردنی کار و پارە و قەرەبووکردنەوەی قەیرانە ئابورییەکانی ناچاربووە سەرچاوە سروشتیەکانی وەک ئاو و خاک مەسرەف بکات." هەروەها دەشڵێت "بەداخەوە من زۆر ڕەشبین سەبارەت بە داهاتوو و چارەسەری کێشەکان و لەوانەیە دۆخەکە بەرەو خراپتربوون بڕوات و تەنیا بە گۆڕینی چەند کەسێک وەک وەزیری ژینگە و وەزیری وزە و چەند کارمەندێک کێشەکان چارەسەر نابن."
ناوبراو هەروەها گوتیشی "خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و نەبوونی پێشبینیەکی دروست بۆ داهاتوو و هەروەها ڕێزنەگرتن لە بنەما دیارەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ماوەی چەند دەیەدا هۆکاری کێشەکانن لە ئیستادا."
حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە فەرمانی داوە بوجەیەکی دەستبەجێ و تایبەت بۆ کێشەی بێ ئاوی خوزستان دیاری بکرێت.
ڕوحانی هەروەها ڕۆژی دووشەممەش گوتی کە خەڵک مافی خۆیانە بەهۆی کەم ئاوییەوە نیگەران بن و هاوکاتیش بەرگری لە بەڕێوبەرایەتییەکەی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە وەزارەتی وزەی ئەو وڵاتە کارێکی گەورەی کردووە و خەڵک بەرهەمەکەی لە ژیانی خۆیاندا دەبینن.
ئەم وتانەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا دێت کە خەڵکی خوزستان بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕینی خۆیان بەرامبەر بە کەم ئاوی و نەبوونی کارەبا.


زۆرێک لە شارەزایان چوار دەیە لە بەڕێوەبردنی خراپی سەرچاوە ئاوییەکان لە ئێران لە لایەن حکوومەتەوە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە نالەبارە دەزانن.


ئەعزەم بەهرامی، پسپۆڕ و توێژەری ژینگەیی لە ئیتاڵیاوە بە دەنگی ئەمریکای گوت "دروستکردنی بەنداوەکان و گواستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان هۆکاری کەم ئاوی و وشکەساڵی خوزستانن."


سیاسەتی ئاوی حکومەتی ئێران هەروەها بووەتە هۆی کەم ئاوی بۆ وڵاتی عێراق و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان. بە پێی لێدوانی کاربەدەستانی عێراق و وەزارەتی ئاوی ئەو ولاتە، ئێران ئەو ئاوەی کە دەڕژایە بەنداوی دەربەندیخان بەری پێگرتووە و بڕی ڕێژەکەی گەیاندوەتە "سفر" و هەروەها بڕی ڕێژەی ئەو ئاوەی کە دەڕێژتە بەنداوی دوکان، 70٪ کەمی کردوەتەوە. محەمەد ڕەشید ئەلحەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاویـیەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند گوتی ئێران ئاوی لە ڕووبارەکانی سیروان و ئەڵوەند و کارون و کەرخە گرتووە و هەرچەند داوایان لە کاربەدەستانی ئێران کردووە لەم بارەیەوە وتووێژ بکەن، بەڵام ئێرانیـیەکان ئامادە نەبوون.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©