به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ له‌ هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراق دزه‌ی پێكراوه‌ و له‌ میدیاكان بڵاوبووه‌ته‌وه‌، تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ گرووپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسا پیلانڕێژی ده‌كه‌ن، تا له‌ ڕۆژانی جه‌ژن ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا به‌ گشتی بكه‌نه‌ ئامانج و به‌ تایبه‌تیش باڵوێزخانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا، داوایش له‌ هێزه‌كانی ته‌ناهی عێراق ده‌كرێ كه‌ ڕێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر و ڕێگری له‌ سه‌ركه‌وتنی پیلانڕێژی گرووپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسا بكه‌ن.


له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراق هاتووه‌، نیاز و پیلانی گرووپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باره‌گه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌ی سه‌وز له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی قوربان بكه‌نه‌ ئامانج.


ئاماژه‌ دراوه‌، كه‌ پیلانه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له‌ به‌ری كه‌رخی به‌غدا به‌ دیاریكراویش له‌ ناوچه‌ی دۆره‌ و له‌ گه‌ڕه‌كی جه‌معییه‌ و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌قامی خێرا و نزیك وێستگه‌ی ئه‌لغانم، هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ ئه‌نجام بدرێت و له‌و شوێنه‌وه‌ ئامانجه‌كه‌ بۆردمان ده‌كه‌ن.


نووسراوێكی هه‌واڵگری زانیاری ورد له‌باره‌ی شێوازی هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا له‌ ڕۆژانی جه‌ژن ده‌خاته‌ ڕوو
سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی نووسراوه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و فره‌وان له‌ میدیاكانی عێراق و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام تا ئێسته‌ هیچ به‌رپرسێكی عێراق ناوه‌رۆكی ئه‌و نووسراوه‌ی هه‌واڵگری نه‌ پشتڕاستكردووه‌ و نه‌ ڕه‌تیشیان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی به‌ دوور نازانرێ، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ عێراق و شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ریان له‌ دژ ڕاگه‌یاندوون و نایشارنه‌وه‌، كه‌ هه‌ر كات بۆیان بلوێ نكۆڵی ناكه‌ن، له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ی كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای تێدایه‌.


به‌رپرسێكی باڵای ته‌ناهی له‌ به‌غدا له‌وباره‌وه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، كه‌ زانیاری ورد له‌باره‌ی هه‌وڵی دروستكردنی پشێوی و توندوتیژی له‌ عێراق هه‌ن، بۆیه‌ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌یه‌ هێزه‌كانی ته‌ناهی خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی ته‌واوه‌وه‌، گرووپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسا و میلیشیاكان و ته‌نانه‌ت پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیش به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و پیلانڕێژی ده‌كه‌ن، بۆ تێكدانی دۆخی ئاسایشی به‌غدا به‌ تایبه‌تی له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی قوربان.


چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی تر له‌ به‌غدا ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، كه‌ ناوه‌رۆكی نووسراوه‌كه‌ پیشت به‌ زانیاری دڵنیاكه‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستێ، ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌ و گومانی لێ ناكرێت، چونكه‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ تاران، ده‌یانه‌وێ فشاره‌كانیان له‌سه‌ر كازمی و حكوومه‌ته‌كه‌ی چڕ بكه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌ڕی چواره‌می دایه‌لۆگی ستراتیجی نێوان به‌غدا و واشنتن ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌ و بڕیاره‌ كازمی 26ی ئه‌م مانگه‌ به‌ره‌و واشنتن بكه‌وێته‌ ڕێ، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانیش بریتی ده‌بێ له‌ پرسی كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.

 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش بڵاوبوونه‌وه‌ی سوپا به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی به‌غدا و ئه‌و ڕێوشوێنه‌ ته‌ناهییه‌ تونده‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕژد و ترسناك بوونیان هه‌یه‌ و هێزه‌كانی ته‌ناهی و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی عێراق زانیارییان هه‌یه‌ و ئاگه‌داریانن، بۆیه‌ هێز جووڵه‌ی پێكراوه‌ و بڵاوه‌ی پێكراوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و ناوچه‌ی سه‌وز به‌ ته‌واوی به‌ سه‌رباز ته‌نراوه‌، چاودێری چڕیش له‌ بازگه‌كانی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ بۆ به‌غدا بوونی هه‌یه‌.


سامی ئه‌لجواری پسپۆری كاروباری ته‌ناهی و ئه‌فسه‌ری خانه‌نشینكراوی عێراق بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، گومان له‌وه‌دا نییه‌، كه‌ عێراق وه‌ك گۆڕه‌پانی ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌ ئاستێكی چڕ و مه‌ترسیدار ده‌بێ، تا دۆسیه‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و دانوستاندنه‌كانی ڤیه‌ننا له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.


زیاتر گوتی، پێشبینی كراوه‌ كه‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوو فشاره‌كان له‌ ڕێی تێكدانی دۆخی ئاسایش و دووباره‌ گرتنه‌به‌ری زمانی چه‌ك و هێرش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ زیاد ببێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین كارتی فشاری ئێران و میلیشیاكانه‌ بۆ سه‌ر مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.


بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©