سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا پێکهدەهێندرێت و لە ئێستادا گفتوگۆ لەبارەی پرچەككردن و موچەی ئەو دوو لیوایە دەکرێت.

لە راگەیەندراوێکدا، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی ناوەندەکانی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان  وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاربوون، بڕیارە دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقی پێکبهێنرێت، دەشڵێت، "بۆ پێكھێنانی ئەم دوو لیوا ھاوبەشە، وەزارەتی پێشمەرگە ھێزەكانی ئامادەكردووە".


لەبارەی دوو لیوا هاوبەشەکەوە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکردووە، بەرەو پێشچوونی باش لە نێوان ھەولێرو بەغدا ھەیە، بۆئەو مەبەستە لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر (پرچەككردن و مووچە و پەیكەربەندی) دوو لیواکە دەکرێت و ئەوان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەو ھێزانەی بۆ ئەو دوو لیوا دیاری کراون، ئامادەیان کردوون .
ئەوەشی خستەڕوو، گروپی چەکداری داعش لە (كەركوک، خانەقین، دیالە، سەڵاحەددین، ئەنبار و رۆژئاوای موسڵ)، تا دێت کردە تیرۆریستییەکانیان زیاتر دەكەن و بەوهۆیەشەوە، ھاوپەیمانان و ھەرێمی كوردستان و عێراقیش گەشتونەتە ئەو بڕوایەی جوڵەکانی داعش مەترسییان دروست کردووەتەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییەش، پێوستە ھەماھەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەبێت .
لەماوەی رابردوودا و بەمەبەستی نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەناوچە جێناکۆکەکاندا، کە ئەندامانی گروپی چەکداری داعش ناو بە ناو هێرشی چەکدارییان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجامدەدا، چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشییان لەنێوان خۆیاندا پێکهێنا و دواتریش یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامدا.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©